کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕووحانی: لە ئێران بڕیار لە دەست دەوڵەت و مەجلیس دا نییە

22:30 - 8 رەشەمه 2718

حەسەن ڕوحانی، سەرۆک کۆماری ئێران ڕۆژی سێشەممە ٧ی ڕەشەمەی ١٣٩٧ی هەتاویی لە پێوەندیی لە گەڵ پەسەند نەکردنی پەیماننامەی "ئێف ئای تی ئیف" گوتی: ناکرێ وڵات بدەینە دەست ٢٠ کەس و ئێمەش ملکەچی بڕیارەکانی ئەوان بین.حەسەن روحانی لە قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا کە لانیکەم لە پێوەندی لەگەڵ پەیماننامەی "ئێف ئای تی ئیف" دا بڕیاردەر نە دەوڵەتە، نە مەجلیسە و نە عەلی خامنەیی. ناوبراو گوتی بڕیاردەر یا دەبێ دەوڵەت بێ یا مەجلیس، ڕێبەر چەند جار بە منی گوتوە کە دژایەتیەکم لەگەڵ ئەو پەیماننامە نییە. مەجلیس پەسەندی کردووە، شوورای نیگابان ئیمزای کردووە، کە وایە کێ دژایەتی دەکا؟ دەتانهەوێ چی بکەن؟ روحانی داوای لە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی کرد کە لەو بارەوە دژکردەوە پێشان بدەن و گوتی: ئەگەر لەگەڵ من هاوڕان، قسە بکەن هەتا گرفتەکان چارەسەر بکرێن. ناوبراو بێ ئەوەی ناوی کەس بێنی، گوتی: داوا دەکەم بەربەست و دیوار بۆ دەوڵەت دروست نەکەن. ئەو پێداگری کردەوە کە بەبێ قبووڵکردنی پەیماننامەی "ئێف ئای تی ئیف" ئێمە ناتوانین پێوەندیی دارایی و بانکیمان بە دنیای دەرەوە هەبێ و ئەگەر پێوەندیی ئێمە لەگەڵ ئەو دامەزراوە بپسێ، واتە پێوەندیمان بە دنیای دەرەوەوە دەپسێ. مەبەستی ڕوحانی لەو ٢٠ کەسە کە دەسەڵاتدارن و وڵات بەڕێوە دەبەن، "کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییە باڵاکانی نیزام"ە کە دژی پەسەند کردنی بەندەکانی ئەو پەیماننامەن. لە پەیماننامەی "ئێف ئای تی ئیف"دا دوو خاڵی گرینگی تێدایە کە دەبێتە بەربەست بۆ ئاژاوەگێرییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و کردەوە تێرۆریستییەکانی. لەو پەیماننامەدا کە دەبێ ئێران پەسەندی بکا، هاتوە کە دەبێ ئێران دژی سپی کردنەوەی پارە بێ و دەست لە پشتیوانیی گرووپە تێرۆریستییەکان هەڵبگرێ تا بتوانێ پێوەندییە بانکی و داراییەکانی لەگەڵ دنیای دەرەوەدا پەرە پێبدا و ئەگەر ئەو پەیماننامە پەسەند نەکا، ئەوە دەکەوێتە نێو لیستی ڕەشەوە و پێوەندییە بانکی و داراییەکانی لە گەڵ دنیای دەرەوە دەپسێن. شایانی باسە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران یەکێک لەو وڵاتانەیە کە پارەی ڕەش یەکێک لە سەرچاوە داراییەکانیەتی کە بۆ پشتیوانی لە کاری تێکدەرانە و تێرۆریستی کەلکی لێوەدەگرێ. پشتیوانی لە گرووپە تێرۆریستییەکانی ناوچەکە لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە لە ماوەی ئەو چل ساڵەدا بۆتە هۆی بێزراویی و تەریک کەوتنەوەی ئێران لە جیهان و ناوچەکەدا و بە پەسەند کردنی ئەو پەیماننامەیە ئیتر ئێران ناتوانێ پشتیوانی لە گرووپە تێرۆریستییەکانی وەک حیزبوڵڵا و حەماس و گرووپە و میلیشیا تێرۆریست و توندڕۆکانی دیکەی ناوچەکە بکا.