کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڵمەتێکی ژینگەپارێزی بە بۆنەی ساڵیادی کارەساتی حەڵەبجەی شەهید لە ناوچەی هەورامان

22:37 - 8 رەشەمه 2718

ژینگەپارێزانی نیشتماندۆستی ناوچەی هەورامان لە بەرەبەری ساڵڕۆژی کارەساتی کیمیابارانی شاری حەڵەبجە، بە چاندنی ٥ هەزار نەمامی ئەرخەوان، یادی ٥ هەزار شەهیدی ئەو کارەساتەیان بەرز ڕاگرت. لەو چالاکییە نەتەوەییە‌دا بە هەوڵی بنکەی ژینگەپارێزی "گەڵای هەورامان" و ئەنجوومەنی کۆمەڵایەتی "تریفەی هەورامان" و خەڵکی ژینگەدۆستی ناوچەی هەورامان، بە یادی پێنج هەزار شەهیدی کیمیابارانی هەڵەبجە، هەڵمەتێکی چاندنی پێنج هەزار نەمامی دار ئەرخەوان، لە مەسیری پیرشالیار هەتا گوندەکانی سلێن، بڵبەر و ژیوار بە درێژی 15 کیلۆمێتر، بەڕێوەچوو. ئەو هەڵمەتە کە بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ درێژەی کێشا، نەخشێکی زۆر گرنگی لە پاراستنی ژینگەی ناوچەکە، ڕۆنانی دارئەرخەوان و پەرەپێدان بە بواری گەشتیاریی ناوچەی هەورامان دەبێ. شیاوی باسە لە مانگی ڕەشەمە بەو لاوە بەرەبەرە هەڵمەتە ژینگەپارێزییەکان وەکوو خاوێنکردنەوەی سەیرانگاکان و چاندنی بەڕوو و نەمام و شەتڵەکان لە زۆربەی شارەکانی کوردستان بە هیمەتی چالاکانی مەدەنی و ژینگەپارێزان دەست‌پێدەکا.