کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوویەمین ڕۆژ لە مانگرتنی مامۆستایانی ناڕازی لە ئێران

15:14 - 13 رەشەمه 2718

لە خولی سێیەمی مانگرتنی مامۆستایان و فەرهەنگییان ، ئەمڕۆ دووشەممە ١٣ی ڕەشەمە بەشێکی بەرچاو لە مۆستایانی قوتابخانە و خوێندنگەکانی ئێران و کوردستان درێژەیان بە مانگرتن دا. سێیەمین خولی مانگرتنی ناڕەزایەتیی مامۆستایان کە ڕۆژی ڕابردوو یەکشەممە ١٢ی ڕەشەمە دەستی‌پێکرد و بڕیارە تا رۆژی ١٤ی ڕەشەمە بەردەوام بێ. دوای بانگەوازی شووڕای هاوئاهەنگیی ڕێکخراوە سێنفییەکانی مامۆستایان کە رۆژی ٦ی ڕەشەمە بە مەبەستی مانگرتنی سێ ڕۆژە بڵاوکرایەوە بەشێکی بەرچاو لە مامۆستایانی ئێران لە چوونە کلاسی وانە گوتنەوە خۆیان بوارد. بە پێی ڕاپۆڕتەکان لە دوویەمین رۆژی ئەو مانگرتنە مامۆستایان و فەرهەنگییانی زیاتر لە ٢٠ شاری ئێران و کوردستان بە هەڵکردنی تراکت و نووسراوەی پێوەندی‌دار مانیان گرت. شیاوی باسە جێبەجێ کردنی ئەسڵی ١٥ی یاسای بنەڕەتیی ئێران واتە مافی خوێندن و نووسین بە زمانی دایک، یەکێک لە داواکارییەکانی مامۆستایانی کوردستانە . بە پێی ڕاپۆڕتی شووڕای هاوئاهەنگیی ڕێکخراوی سێنفی فەرهەنگییانی ئێران، تەنیا لە شاری سەقز ٥٠ قوتابخانە لەو مانگرتنە چالاک بوون و هێندێک لە قوتابخانەکانیش داخراون. لە لایەک دیکەش چەند ڕۆژ پێش دەسپێکردنی خولی سێیەمی مانگرتنی مامۆستایان و فەرهەنگییان ، ناوەندە ئەمنییەکانی رێژیم بە ناردنی کورتە نامە لە ڕێگای تلیفۆنەوە هەڕەشەیان لە دەیان و سەدان مامۆستا کردوە کە لەو مانگرتنە‌دا بەشداریی نەکەن.