کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هۆشداری ئینستاگرام بە ڕاوێژکاری سەرۆکی مەجلیسی ئێران

17:30 - 13 رەشەمه 2718

حوسێن ئەمیر عەبدوڵلاهیان ڕاوێژکاری سەرۆکی مەجلیسی ئێران بۆ کاروباری نێونەتەوەیی، سێ ڕۆژ بەر لە ئێستا، وێنەیەکی " حەسەن نەسروڵڵا"ی سەرکردەی حیزبوڵڵای لوبنانی لە ئینستاگرام بڵاوکردەوە و نووسی: ئەو ڕێکخراوە گەورەترین کاراکتەری ناوچەکەیە بۆ خەبات دژی تێرۆریزم. ناوبراو لە درێژەی نووسراوەکەی دا نووسیویەتی: بریتانیا پێویستە بەجێی حیزبوڵڵا، هێندێک لە دەوڵەتانی هاوپەیمانی خۆی و تێرۆریست پەروەر بخاتە نێو لیستی تێرۆرەوە. دوای بڵاوبوونەوەی وێنەکە و نووسراوەی حوسێن ئەمیر عەبدوڵلاهیان، ئینستاگرام وێنە و پۆستەکەی لەو تۆرە سڕیەوە و هۆشداری داوە بە ناوبراو. حەوتووی پێشوو دەوڵەتی بریتانیا بەشی سیاسیی حیزبوڵڵای لوبنانی خستە لیستی تێرۆرەوە و ڕایگەیاند کە ئێمە ناتوانین چاوپۆشی لە هەوڵ و کردەوە تێکدەرانەکانی ئەو ڕێکخراوە بکەین. جێی‌ئاماژەیە کە پێشتر بەشی چەکداریی ئەو ڕێکخراوە خرا بۆ لیستی تێرۆرەوە. دوابەدوای بڕیاری دەوڵەتی بریتانیا، کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران لەو پێوەندییەدا دژکردەوەیان پێشاندا و بەرگرییان لەو ڕێکخراوە تێرۆریستیە کرد. هەروەها ڕایانگەیاند کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەر پشتیوانی حیزبوڵڵای لوبنان دەمێنیتەوە. ڕێژیمی ئێران وەک ماکە و سەرچاوەی تێرۆریزم هەمیشە پشتیوان و یاریدەدەری گرووپە توندڕۆ و تێرۆریستەکانی جیهان بووە. ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بە سەدان کردەوەی تێرۆریستی لە جیهاندا ئەنجامداوە و ئێران بۆتە شوێنی پەروەردە و حەوانەوەی تێرۆریستەکانی جیهان و بۆ خاتری بەرژەوەندییە ئاژاوەگێڕییەکانی خۆی، سامانی خەڵکی ئێرانی خستۆتە ئیختیار ئەو گرووپە تێرۆریستیانەوە.