کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناکۆکییەکانی مەجلیس و دەوڵەت لە سەر زیاد کردنی مووچەی کارمەندان

22:59 - 13 رەشەمه 2718

گەڵاڵەی بوودجەی ١٣٩٨ی هەتاویی، دوای قسە و باسێکی زۆر پەسەند کرا، بەڵام تا ئێستاش ناکۆکی لەسەر زیادکردنی مووچەی فەرمانبەران هەر بەردەوامە. بوودجەی ساڵی داهاتوو لە ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوودا زۆرترین بوودجەیە و ٤٣ لەسەد زیادی کردووە. زۆرترین ناکۆکی بەشی بوودجەی ساڵی داهاتوو، زیاد کردنی ٤٠٠ هەزار تمەن مووچەی کارمەندان و خانەنشینانە. زیاد کردنی مووچەی کارمەندان لە کاتێکدایە کە گەمارۆکانی سەر ئێران و قەیرانی دارایی و داڕمانی ئابووری، دەوڵەتی ڕووحانی خستۆتە تەنگژەوە. تا ئێستا نرخەکان ٤٢ لەسەد زیادیان کردووە، گرانی هەموو بازاڕی داگرتووە و دەوڵەت توانای پێشگیری لە چوونە سەر نرخی دراو و پێداویستییەکانی ڕۆژانەی خەڵکی نییە و ناتوانێ ئەو دۆخە ئاڵۆز و نالەبارەی وڵات چارەسەر بکات. دەوڵەتی رووحانی ڕایگەیاند کە بێ لەبەرچاوگرتنی دۆخی ئابووریی و سەرچاوەی داهاتی وڵات، مەجلیس مووچەی کارمەندانی زیاد کردووە و لەو بارەوە " محەممەد باقری نەوبەخت" بەرپرسی بوودجە و داریی دەوڵەت ڕایگەیاند کە ناتوانن ئەو بڕیارەی مەجلیس جێبەجێ بکەن. لە وەڵامی ئەو قسانەدا، "عەلی لاریجانی" سەرۆکی مەجلیسی ئێران، گوتی: ناکرێ وەڵامی هەموو قسەیەک بدەینەوە، مەگەر دەکرێ قانوون جێبەجێ نەکەن؟ قسەکانیان بێ جێیە و کاتێک کە یاسا پەسەند دەکرێ، دەبی جێبەجی بکرێ. تا ئێستا لەوبارەوە لە لایەن دەولەتی ڕووحانییەوە وەڵامی قسەکانی لاریجانی نەدراوەتەوە و دژکردەوەیەکیان پێشان نەداوە.