کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بزاڤی ژنان لە مێژووی نەتەوەی کورددا

19:09 - 15 رەشەمه 2718

هەموو جیهان ئاماژە بە هەندێ جیاوازی لە نێوان پێگەی ژنانی کورد و ژنانی گەلانی دراوسێ دەکەن، بەڵام خۆمان لە گرینگی دان بە ڕۆڵ و پێگەی ژناندا دەتوانم بڵێم زۆربەی کاتەکان کەمتەرخەم بووین. هەر لە سەرەتاوە با دان بەوەدا بنێم کە لێکۆڵینەوەی زانستی لەسەر مێژووی بزاڤی ژنان زۆر کەم بووە و دەتوانم بڵێم مێژوونووسانی کورد غەدرێکی زۆر گەورەیان لە ڕەوش و پێگەی ژنانی کورد لە کوردستاندا کردووە و دەشتوانم بڵێم لە زۆر شوێندا وا دیارە ڕۆڵ و پێگەی ژنانی کورد لە مێژوودا کاڵ کراوەتەوە و دەشتوانم بڵێم لە زۆر شوێندا سڕدراوەتەوە! مخابن زۆربەی مێژووی ئێمە بۆ باس و خواسی پاشا و میر و سەرداران و شەڕ و ئاڵۆزیی نێوان هێز و لایەن و، دەوڵەتەکان تەرخان کراوە و هیچ گرینگییەک بە مێژووی پێگەی ژنانی کورد نەدراوە و؛ ئەوەش بووەتە هۆی ئەوە غەدرێکی گەورە لە مێژووی ژنانی خەباتگێڕی کورد بکرێ. کەم نین ئەو ژنانەی وا لە مێژووی چەند سەدە لەمەوپێشەوە هەتا ئێستاشی لەگەڵ بێ شان بە شانی پیاوان لە سەنگەرە جۆراوجۆرەکانی خەباتدا تێکوشاون و، حەماسەیان خوڵقاندووە و دەکرێ ژیان و خەباتیان ببێتە سەرمەشقێک بۆ ژنانی ئەمڕۆ. ۱-مینا خانمی قازی لە ساڵی ١٩٠٨ لە شاری مەهاباد لەدایک بووە و لە تەمەنی ۱۹ ساڵیدا لەگەڵ نەمر پێشەوا قازی محەممەد ژیانی هاوبەشی پێکهێناوە، پێش لەوەی ببێتە هاوژینی نەمر پێشەوا قازی محەممەد نازناوی ئەسکەندەری بووە و، لە ساڵی ١٩٤٥دا یەکیەتیی ژنانی کوردستانی بۆ یەکەم جار دامەزراندووە و، مینا خانم یەکەم سەرۆکی ئەو ڕێکخراوە بووە و ئەو ڕێکخراوە سەرنجی زۆریەک لە خەڵکانی ئەو سەردەمەی بەرەو لای خۆی ڕاکێشاوە و خەڵکی بە هەنگاوێکی یەکجار مەزنی دەبینن. مینا قازی لەساڵی ١٩٩٨ هەر لە مەهاباد کۆچی دوایی کرد. ۲-ئەگەر باسی ئازایەتی و پێگەی ژنانی میر و سەردارانی کوردستان لەو چەند سەدەیەی پێشوو بکەم بە دەیان کتێب کۆتایی نایە، بۆ نموونە مێژووناسی کورد شەرەف خانی بدلیسی باس لە دەوڵەت "خان"مان بۆ دەکا کە لە ساڵی 1316ی زایینیدا لە میرنشینی لوڕی بچووک لە دوای مردنی هاوسەرەکەی دەسەڵاتی گرتووەتە ئەستۆ، باس لەوەش دەکا کە لەو سەردەمەدا و نێو ئەو کۆمەڵگە خێڵەکییەدا سەردارانی هۆز و خێڵەکان ئامادە نەبوون مل بۆ دەوڵەت خانم کەج بکەن. ۳-هەروەها شەرەفخان باسی حەلیمە خانی هەکاری و کوێخا نێرگزی شوانمان بۆ دەکا کە لە نێو کوردەکانی ئەو دەڤەرەدا لە ئازایەتی و بوێریدا ناوبانگیان دەرکردبوو. ٤-لە نێوان نووسەر و شاعیرانی سەدەی ڕابردوودا ماە شەرەف خانمی کوردستانی کە ناسراو بە مەستوورەخان بووە، مەستوورەخان دیوانی شێعرەکەی بیست هەزار بەیتە و لەژێر ناوی (دیوانی ماە شەرەف خانی کوردستانی) چاپ کراوە. ٥-خانزادخانی خوشکی میر سلێمان فەرمانڕەوای میرنشینی سۆران بووە، هەریر پێتەختی میرنشینی سۆران بووە و دوای ئەوەی والی بەغدا میر سلێمان دەکوژێ خانزادخان وەکوو ئەمیری سۆران لەو ناوچەیە دەناسرێ و خانزادخان زۆر شوێنەواری لە دوای خۆی بەجێ هێشتووە کە بە ناوی خۆی ماونەتەوە، بۆ نموونە وەکوو پرد و مزگەوت و قوتابخانە و هەتا ئێستاش شوێنەواری کۆشکی خانزادخان لە هەریر ماوەتەوە. و لە سەردەمی فەرمانڕەوایی خانزادخاندا ئەو ناوچە گەشەی سەندووە . ٦-مەلا مەحموودی بایەزیدی باس لە ئازایەتی و سەرکردایەتیی قەرەفاتم دەکا کە لە کاتی شەڕی 1877دا کە لە نێوان دەوڵەتی عوسمانی و ڕووسیەدا ڕوویداوە؛ ئەو خانمە فەرماندەری 500 هێزی چەکدار بووە. ۷-مجرسۆن له ساڵی 1909دا لەگەڵ بازەرگانێکی فارس سەردانی هەڵەبجە دەکەن و له نیزیكەوە عادیله خانم هاوسەری عوسمان پاشای جاف دەناسن و لەوێ هۆگری زیرەکی ئەو ژنە دەبێ. به وتەی مجرسۆن عادیلە خان ژنێکی ژیر و تێگەیشتوو بووە و خاوەنی کەسایەتییەکی بەهێز بووە. دەشڵێ عادیلە خان فەرمانڕەوایەکی یەکسانخواز لە دەڤەری شارەزوور بووە و، نەیهێشتووە لە کەس زوڵم بکرێ و بۆ سزادانی تاوانباران دادگایەکی هەبووە کە خۆی سەرپەرشتی ئەو دادگایەی کردووە و لە نێو زیندانەکاندا پیاوخراپەکانی سزا داوە. خزمەتێکی یەکجار بەرچاوی کردووە بۆ ئاوەدان کردنەوە و ڕازاندنەوەی شاری هەڵەبجە و دەشڵێ کە عادیلە خان هیچ کات مەجالی بە عوسمانییەکان نەدا کە بێن و لە هەڵەبجە بنکە و بارەگاکانی خۆیان دابمەزرێنن. عادیله خان لە دوای شەڕی جیهانیی یەکەمدا و دوای مەرگی هاوژینەکەی دەبێتە فەرمانڕەوای گەورەترین هۆزی کوردی؛ واتە هۆزی جافەکان. ۸-ئیدمۆندز باس له حەپسه خانی نەقیب دەکا كه هاوسەری شێخ قادری برای شێخ مەحموودی حەفید بووە و، به ژنێکی زیرەک و ئازا و ناسراو پێناسەی دەكا و دەڵێ لە سیاسەتی ناوچەکەدا ڕۆڵێکی یەکجار گرینگی گێڕاوە. لە ساڵی 1930دا نامەی بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ناردووە و، داخوازی لە مافەکانی نەتەوەی کورد کردووە و، لەگەڵ ئەوەش هەوڵی کردنەوەی قوتابخانەیەکی شەوانەی بۆ ژنانی سلێمانی داوە و، هەر بەو مەبەستە پڕۆژوەکەی خۆی دەکا بە قوتابخانەی ژنان و جیا لەوانەش لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا یارمەتیی نەمر پێشەوا قازی محەممەدی داوە و؛ نەمر پێشەوا لە نامەیەکدا دەستخۆشی لێدەکا. ۹-ئیدمۆندز باس لە ڕابیعە خان دەکا كه لە کاتی قات و قڕیدا ڕۆڵێکی یەکجار گرینگی بینیوە لە دابینکردنی نان بۆ خەڵکی ئەو ناوچەیە و، بە شێوەیەک سەرپەرستی کارەکانی کردووە کە هیچ بەربەستێک نەیتوانیوە ڕێگری لە خزمەتەکانی بکا. ۱۰-هەروەها ئیدمۆندز باس له فاتمە خانی ڕەواندز دەکا کە لە دوای مەرگی هاوسەرەکەی کاروباری هەشت گوندی ئەو دەڤەرەی گرتووەتە ئەستۆ و، لە نێو خەڵکیدا زۆر جێگەی باوەر و متمانە بووە. ۱۱-له دوای شەڕی یەکەمی جیهانی و له ساڵی 1919دا بۆ یەکەمین جار یەکەمین ڕێکخراوەی ژنانی کوردی لە ئیستامبۆڵ دامەزرا و، لەو سەردەمەدا ئەو کۆمەڵەیه زۆربەی هەرە زۆری سەرکردە بەناوبانگ و ڕۆشنبیرەکانی لە دەوری خۆی کۆ کردەوە و، دامەزراندنی ئەو ئەنجومەنە لەو سەردەمەدا بۆ کوردەکان یەکجار سەرنجڕاکێش بووە و بەتایبەتی کە هەوڵێکی یەکجار زۆریان بۆ ناساندنی ناسنامەی کوردی داوە و؛ چالاکی ئەم ئەنجومەنە لە سەر لاپەڕەکانی ڕۆژنامەی ئەو سەردەمە ڕەنگی داوەتەوە. کۆمەڵەی ژنانی كورد به جۆرێک هەست و سۆزی نووسەران و شاعیرانی ئەو سەردەمەی بزواندبوو کە شاعیری كورد عەبدوڕەحیم ڕەحمی شێعرێکی پڕ له سۆزی بۆ ئەو ئەنجومەنە وتووە. ئەو كۆمەڵەیه تەمەنێکی کەمی هەبوو و له دوای ماوەیەكی كورت به‌هۆی سەرکوتی كەماڵییەکانەوە له كار كەوت و ئەندامەكانی پەرتەوازە بوون. ۱۲-ڕەوشەن خانمی هاوسەری میر جەلادەت بەدرخان جێگە و پێگەیەکی تایبەتی هەبووە لە مێژووی ژنانی کورددا. ڕەوشەن بەدرخان له ساڵی 1909دا له شاری قەیسەری له توركیە لەدایک بووە؛ ئەو كاته ساڵح بەدرخانی باوكی دوورخرابووەوە بۆ ئەو شارە. چوار ساڵی تەمەنی منداڵیی له ئیستامبۆڵ بردووەته سەر و له ساڵی 1913دا بەدرخان جارێکی تر لە لایەن کاربەدەستانی تورکیە دوور دەخرێتەوە و ڕەوشەن خان لەگەڵ باوکی لە شام دەگیرسێنەوە و، لە شام درێژه بە خوێندن دەدا. ڕەوشەن خان دەبێتە یەکێک لە نموونەترین مامۆستاکانی ئەو سەردەمە لە سووریەدا و؛ لە ساڵی 1957دا لە یۆنان بەشداری لە کۆنفڕانسی (دژی کۆلۆنیاڵیزم) دەکا کە یەکەم ژنی کوردە توانیویەتی لەو کۆنفڕانسەدا بەشدار بێ. ڕەوشەن خان لە وەرگێڕان و نووسیندا ڕۆڵێکی باشی هەبووە بۆ یارمەتیدان بە ژنانی کورد و زیاتر لە دە کتێبی بە زمانی عەڕەبی و کوردی هەیە. ۱۳-کە باسی ژنی كورد دەكرێ ناكرێ ئاماژە به لەیلا زانا نەکەی که پێم وایە لەیلا زانا بووەته سیمبۆلێکی زیندووی ژنی كورد لەم سەردەمەدا. 14-لەیلا زانا هەڵگری هەمان ئاڵا و خەباتی لەیلا قاسمه، لەیلا قاسم بە دەستی جەلادانی بەعس له ساڵی 1974 له سێداره درا و بوو به سیمبۆلی ژنانی كورد. گومان لەوەدا نییە نەتەوەی ئێمە خاوەنی سەدان ژنی لەم جۆرە کە لەسەرجەم بوارەکانی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا خزمەتێکی بەرچاویان کردووە. 15 _ لە کۆتایی دا دەمهەوێ باس لە دوو ژنە پێشمەرگەی حیزبی دیموکرات بکەم کە بوون بە سیمبۆڵی ژنانی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان دوو رێبەری شەهیدی ژن، بە ناوەکانی شەهید نەسرین حەداد ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و سکرتێری پێشووی یەکیەتی ژنان و شەهید سوهەیلا قادری ئەندامی جێگری کۆمیتەی ناوەندی و سکرتێری یەکیەتی ژنان کە لە کارەساتەکەی موشەکبارانی ۱۷ی خەرمانان دا گیانی ئازیزیان بەخت کرد لە هەر لایەکەوە هەوڵ بۆ یەکسانی و دەستەبەربوونی مافی ژنان بدرایە جێگە پەنجەی ئەو دوو نەمرە لەو شوێنانە دیار بوو، و دەتوانم بڵێم لە سەرجەم سەنگەرەکانی خەبات دا شان بە شانی پیاوانی پێشمەرگە و بگرە زیاتر لەوانیش هەوڵیان داوە و تێکوشاون یەکەمجار بۆ لە ناو مێژووی بزاڤی ژناندا دوو ژنە پێشمەرگە، دوو ژنی رێبەر، پێکەوە گیانی ئازیزیان بەرەو هەرمان بفڕێ، ئەو نەمرانە تێکەلی ئەو کروانە بوون کە نەمر پێشەوا قازی محەممەد سەرقافڵەکەی بوو سەرچاوە: توماس بوا، تاریخ الاكراد، ترجمەی محمد تیسیر میرخان، دمشق شەرەفنامەی شەرفخانی بدلیسی، مامۆستا هەژار كردوویه به كوردی