کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راگەیەندراوی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە بۆنەی ٨ی مارس ڕۆژی جیهانی ژن

07:01 - 16 رەشەمه 2718

ڕۆژی ٨ی مارس کە لەلایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە وەک ڕۆژی جیهانی ژن بەفەرمی ناسراوە، وەبیرهێنەری مێژوویەکی پڕ لە خەبات و تێکۆشانی ژنانە لە پێناو وەدیهێنانی ماف و ئازادییەکانیان لە جیهان دا. بەبۆنەی ئەو ڕۆژە مێژوویەوە، ناوەندی ھاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران بەگەرمی پیرۆزبایی لە ژنانی جیهان بەگشتی و بەتایبەتی ژنانی کوردستان و ئێران، دەکا و لە هەوڵ و خەباتیان بۆ دابینکردنی ئامانجەکانیان، سەرکەوتنیان بۆ بە ئاوات دەخوازێ.
ژنانی ڕزگاریخوازی کورد باش دەزانن کە ئەو ژنانەی لە هێندێک لە وڵاتانی پێشکەوتووی جیهان بە بەشێک لە ئازادی و مافەکانیان گەیشتوون، ڕێگایەکی دوورودرێژ و پڕ لە قوربانییان بڕیوە بەبێ خەباتی شێلگیرانە بەرەنگاری زۆر بەربەست و کەندوکۆسپ بوونەوە. ئەرکی ژنانی خەباتگێڕ و پێگەیشتووی کورد لە کۆماری ئیسلامی ئێران دا چەند هێندەی ژنانی وڵاتانی دیکە قورس و تاقەتبەرە. ژنی کورد هەم وەک نەتەوە لەژێر ستەم و سەرکوتی حکومەتی دایە و حاشا لە ماف و شوناسی دەکرێ و دەبێ بە حزووری چالاکانەی خۆی ئەرکی خۆی لە خەباتی نەتەوەیی بۆ ڕزگاری، بەجێ بگەیەنێ و هەم وەک ژن کە بە مرۆڤی پلە ٢ دادەنرێ و لە سەرەتایی ترین مافی ئینسانی و کۆمەڵایەتی خۆی بێبەشە و بێبەشییەکەی یاسامەند و نهادینە کراوە، دەبێ دژی چەوسانەوە و یاسا دواکەوتووەکانی ڕێژیمی کۆنەپەرستی کۆماری ئیسلامی دژ بە ژن بوەستێتەوە و خەبات بکا. خەباتگێڕانی دێموکراتخواز و پێشکەوتووی کورد پێویستە بە کردەوە، بڕوا بە مافی ژن و هاوپێوەندی لەگەڵ ژن بسەلمێنن و هەر ئەوڕۆ بۆ دابینکردنی مافی یەکسان بۆ ژنانی کورد تێبکۆشن و چارەسەریی پرسی ژن و ڕێزگرتن لە مافی بەرابەر بۆ ژن، نابێ بکه‌وێته‌ به‌ر سێبه‌ری خه‌بات بۆ مافی نه‌ته‌وه‌یی و بۆ ڕۆژی دوای ئازادی ڕابگیرێ. سەلماندنی ماف و ئازادی ژن لە خەباتی نەتەوەیی بۆ ڕزگاری جیا ناکرێتەوە. ئەو ڕاستیە سەلماوە کە خەباتی ڕزگاریخوازی نەتەوەیی بەبێ حزووری چالاکانەی ژنان بە مافی یەکسانەوە، ناتەواوە و سەرکەوتنی ئاستەم. خەباتی نەتەوەیی ناتوانێ خۆی لە هێزی کاریگەری هزری و کاریی و مودیرییەتی ژن لە ئاستی بەڕێوەبەریی و ڕێبەرایەتیدا، بێبەش بکا. بێجگەلەوەش، کاتێک لە ساڵی ١٩٧٧ کۆبوونەوەی گشتی ڕێکخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان ٨ی مارسی وەک ڕۆژێکی جیهانی بۆ "مافی ژن و ئاشتی جیهانی" ڕاگەیاند، بە وردی بیری لە پێوەندیی ڕاستەوخۆی نێوان دابینکردنی ماف و ئازادی ژن لەلایەک و ئاشتی جیهانی لە لایەکی ترەوە، کردبۆوە. ئەوە بەو مانایەیە کە ئەو دیاردە و مافانە ئەگەرچی جیاوازن، بەڵام پێوەندیی ڕاستەوخۆیان بەیەکەوە هەیە. ناوەندی ھاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران خۆی بە هاوڕێ و هاوخەباتی ژنانی کورد دەزانێ، ڕێز لە کار و تێکۆشانیان دەگرێ و بۆ گەیشتن بە ماف و ئازادی و ڕزگاریی لە هەرچەشنە چەوسانەوەیەک، سەرکەوتنیان بۆ بە ئاوات دەخوازێ. ناوەندی ھاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران ٦ی مارسی ٢٠١٩