کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی تاڵانکردنی سروشت وجوانییەکانی کوردستان

21:09 - 16 رەشەمه 2718

بە پێی تازەترین هەواڵ کۆترەکانی نێو ئەشکەوتی سەهۆڵان دەفرۆشرێن و بەوجورە خەسار بە ژینگە و جوانی ئەو شوێنە گەشتیارییە دەدرێ. بە پێی هەماڵ سەرچاوە لە ئەشکەوتی سەهۆڵان سەر بە شاری مەهاباد، کەسانێکی نەناسراو کۆترەکانی ئەو ئەشکەوتە دەفرۆشن و ئەوەش زیان بە دیمەنی نێو ئەشکەوتەکە دەگەینێت. لەو ئەشکەوتەدا کەسێک بە ناوی "ل. ش" کار دەکات، کە دەستی لە فرۆشتنی ئەو کۆترانەدا هەیە. لە ڕاپۆرتەدا باس لەوەش کراوە، کە چەن کەس لەوانە هاندراون و چەن کەسی دیکەش ، به هۆی گرانی و دۆخی نالەباری ئابوورییەوە دەستیان بە فرۆشتنی ئەو کۆترانە کردووە. ئەشکەوتی ئاویی مێژوویی سەهۆڵان، یەکێکە لە گرینگترین و بێوێنەترین ئەشکەوتە سروشتییەکانی کوردستانە بە ڵام زۆر جار بەهۆی کەمتەرخەمی و گەندەڵی هێندێک لە بەرپرسانی ڕێژیم ئەو شوینە گەشتیارییە بە گوێرەی پێویست سەرنجی نادرێت. بەپێی هەواڵێکی دیکە کە هەر لەو پێوەندییيە‌دا بە دەستمان گەیشتووە چەند کەس لە خەڵکی ئەو گوندە گەندەڵیی ماڵی و تاڵان کردنی داهاتی ئەو شوێنە گەشتیارییەیان لە لایەن دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیمەوە لە قاو داوە. لەو ڕاپۆڕتە‌دا ئاماژە بەوە کراوە کە کۆی داهاتی ئەو ئەشکەوتە دەچێتە گیرفانی چەند مۆرەی دەست نیشانکراوی ڕێژیم و ئەم تاڵان کردنە لە کاتێک‌دایە بەپێی خۆدی یاساکانی کۆماری ئیسلامی دەبێ لە داهاتی شوێنە گەشتیارییەکان سەرەتا خەڵکی ئەو ناوچانە لێی‌بەشدار بن و، بخرێتە خزمەتی ئاوەدان کردنەوە و، گەشەی ئابوورییەوە. شیاوی باسە ساڵانە گەشتیارێکی زۆر لە ئاست ئێران و کوردستان و وڵاتانی بیانیش سەردانی گوندی سەهۆڵان دەکەن ، بەڵام بەرپرسانی رێژیم دەستیان بەسەر ئەو شوێنە گەشتیارییە داگرتووە، خەڵکی ئەو ناوچە لە خزمەتگوزارییەکان و داهاتی ئەشکەوتی سەهۆڵان بێبەش کراون. ئەم ئەشکەوتە لە گوندی سەهۆڵان، لە ٤٢ کیلومێتریی ڕۆژهەڵاتی باکووری مەهاباددا هەڵکەوتووە لێکۆڵینەوەکانی زەویناسان نیشان دەدات، کە پێشینەی ئەم ئەشکەوتە بەپێی چالاکییەکانی زەویناسی بۆ ٧٠ میلیۆن ساڵ پێش دەگەڕێتەوە. بۆ یەکەمجار، ئەم ئەشکەوتە ١٠٠ ساڵ پێش لە لایەن ژاک دیمۆرگانی فەڕانسەوی کەوتە بەر پشکنین و لێکۆڵینەوه. پاشان لە ساڵانی شەڕی دووهەمی جیهانیدا لە لایەن وەفدێکی بریتانیاییەوە دیسان توێژینەوەی لەسەر کرا .