کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆژی جیهانی ژن: ئێران یەکێک لە پێنج وڵاتی نایەکسانی ژن و پیاو دایە

15:04 - 18 رەشەمه 2718

بەپێی ڕاپۆرتی "کۆبوونەوەی جیهانیی ئابووری" کە لە سەر یەکسانی ژن و پیاو لە کۆمەڵگەدا کار دەکا، لەو بوارەدا یەکسانی ژن و پیاو لە وڵاتانی جیهان بەدواداچوونی بۆ دەکرێ و وڵاتانی جیهان پلەبەندی دەکا. لە پلەبەندی ئەمجارەدا کە لە ١٤٤ وڵاتی جیهان ئەنجامدراوە، ئێران لە پلەی ١٤٠ دا جێگەی گرتوە و یەکێک لە دواکەوتووترین پێنج وڵاتی جیهانە کە دوای چاد، سووریە، پاکستان و یەمەن دێت و بەپێی ئەو لێکۆڵینەوەیە "ئیسلەند" پلەی یەکەمی جیهانی بەدەست هێناوە. ئەو ڕێکخراوە چەند مەرجێکی بۆ یەکسانی ژن و پیاو لە کۆمەڵگەدا داناوە، وەک: بەشداری ژنان لە دەسەڵات و حکوومەت و بەڕیوەبەریی وڵاتدا، پێڕاگەیشتن بە ژنان لە باری تەندروستی و کار و خوێنداندا، کە بەپێی ئەو لێکۆڵینەوەیە وڵاتی ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ئاخوندی یەکێک لە دواکەوتووترین وڵاتانی جیهانە. دیارنەبوونی پێگەی ژن لە بەڕێوەبەریی وڵاتی ئێران، ئەو وڵاتەی خستۆتە پلەی کۆتایی کە لە پۆستەکانی سەرۆک کۆماری، سەرۆکی پارلەمان و ناوەندەکانی دیکەی دەسەڵاتدا هیچ دەور و ڕۆڵێکیان پێنادرێ. ئەگەر هەڵسانگاندنێک لە نێوان دوو وڵاتی ئێران و "ڕواندا" بکەین، بۆمان دەردەکەوێ کە لە وڵاتی "ڕواندا" لە مودیرییەت و بەڕیوەبەریی وڵاتدا ژن و پیا یەکسانن، لە دەزگای یاساداناندا ژنان ڕۆڵێکی گرینگ دەگێڕن و لە باری ئابوورییەوە تا ڕاددەیەکی زۆر ژن و پیاو لە یەک نزیکن و ڕواندا لە پلەبەندی جیهانیی دا کەوتۆتە دوای ئیسلەند و فینلاند و نوروێژ. ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە هەموو شێوەیەک مافەکانی ژنان پێشێل دەکا و بەهرە و توانایی و لێهاتووییان دەکوژێ و ناهێڵێ لە بەڕێوەبەریی وڵاتدا بەشدار و خاوەن دەسەڵات بن و بە مافە ڕەواکانی خۆیان بگەن. ئەو ڕێژیمە کۆنەپەرەستە هەمیشە لەوبارەوە کەوتۆتە بەر ڕەخنە و تانەی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و مەحکووم کراوە.