کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نیگەرانی سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان لە دوخی مافی مرۆڤ لە ئێران

20:48 - 18 رەشەمه 2718

ئانتونیو گوترش" سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان، لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا لە بارەی دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران، لە پێوەندیی لەگەڵ کەسانی دوو وڵاتی دەسبەسەرکراو لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا نیگەرانی خۆی دەربڕیوە. لە راپۆرتەکەی ناوبراودا بە ڕوونی ئاماژە بە دۆخی نازەنین زاغری، هاونیشتمانی ئێرانی- بریتانیایی کراوە کە لە بەندیخانەی ئەوین دا زیندانی کراوە. لە ڕاپۆرتی سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان دا کە لە ١٧ی ڕەشەمەدا بڵاوکراوەتەوە، نیگەرانی خۆی لە پێشێلکردنی مافی دادگایی کردنی تۆمەتباران لە ئێران بە تایبەتی مافی کەسانی دوو وڵاتی دەربڕیوە. لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بە حوکمی لە سێدارەدان و حوکمی لەسێدارەدانی ئەو کەسانە کراوە کە لە تەمەنی مناڵیدا تاوانیان ئەنجامداوە و ئاماژە بە پەروەندەی شەش کەس کراوە کە لە ساڵی رابردوودا بە ئێعدام مەحکووم کراون. لە ڕاپۆرتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتوەکاندا ئیشارە بە دادگاکانی ئینقلاب و تایبەت، پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، توندوتیژی لەگەڵ ڕۆژنامەنووس و هەواڵنێران و دەستوێڕانەگەیشتنی خەڵک بە زانیاری و چەند بابەتێکی تر کراوە.