کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گیان لەدەستدانی کۆڵبەرێکی کورد لە ناوچە سنووریەکانی بانە

20:49 - 18 رەشەمه 2718

ڕۆژی پێنجشەممەی رابردوو، تەرمی کۆڵبەرێکی کوردی خەڵکی پیرانشار بە ناوی "مەتین بەدخشان" دوای ١٠ ڕۆژ لە بێسەروشوێن بوونی، لە ناوچەی سنووریی "نەنوور"ی بانە دۆزرایەوە. بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی موکریان، مەتین بەدخشان ١٠ ڕۆژ پێشتر بۆ کۆڵبەری چۆتە ناوجەی سنووریی نەنوور و لە ڕێگادا بەهۆی بەفر و سەرماوە گیانی لەدەستداوە و بێسەرو شوێن بووە. دوای گەڕانێکی زۆر، کۆڵبەرانی ئەو ناوچەیە توانیان تەرمی بێ گیانی "مەتین"ی تازەلاو لە ژێر بەفر دەربێننەوە. کۆڵبەریی کارێکی سەخت و دژوار و پڕمەترسییە کە خەڵکی ناوچە سنوورییەکانی کوردستانی ناچار کردووە بۆ بژیوی ژیانیان پەنای بۆ ببەن و بەداخەوە لەو ڕێگایەشدا لە لایەن هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئاخوندییەوە دەکەونە بەر دەسڕێژ و گیان لەدەست دەدەن یا بریندار و نقوستان دەبن. بە هۆی سەختی شاخ و چیاکانی کوردستانەوە بەشێک لە کۆڵبەران بەهۆی هەڵدێران لە شاخەکان و یا بەهۆی بەفر و سەرما و سەهۆڵەوە گیان لە دەست دەدەن. ڕیژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران کە ٤٠ سالە بووەتە هۆی نەهامەتی خەڵکی کورد و گەلانی دیکەی ئێران، بەجێی ئەوەی کە بە ژیانی خەڵکی ئێران ڕابگا، سەروەت و سامانی ئەو خەڵکە بۆ گرووپە تێرۆریستیەکان و کارە تێرۆریستییەکانی تەرخان دەکا و خەڵکییش بۆ بژیوی ژیانی مناڵەکانیان پەنا دەبەنە کاری سەخت و تاقەت پڕووکێن و لەو ڕێگایەشدا بەداخەوە گیان لە دەست دەدەدن.