کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەستبەسەر کردنی کەسێک لە سوید بە تاوانی سیخوڕی ۆ خۆ ئامادەکردن بۆ کاری تێرۆریستی

20:56 - 18 رەشەمه 2718

دوابە دوای ئاشكرا بوونی تۆڕیکی سیخوڕی ڕژیمی ئیسلامی ئێران لە وڵاتانی سوید و نۆروێژ کە بە نیاز بوون چەند چالاکوانێکی ئۆپۆزیسیۆنی عەرەبی ئەهواز لە دانمارک تێڕۆر بکەن، داودەزگاکانی ئاسایش و پۆلیسی نهێنی وڵاتانی ئوروپایی و بە تایبەتی وڵاتانی سکاندیناوی دەستیان کردووە بە هاوکاری و هاوئاهەنگی بۆ دۆزینەوە گرووپ و دەستە سیخوڕییەکانی وڵاتانی دیکتاتۆر، جێگیر لە ئوروپا. هەر لەم پەیوەندییە دا پۆلیسی نهێنی سوید ” سێپۆ” لە ماوەی چەند حەفتەی رابردوو دا کەسێکی بە تاوانی سیخوڕی و خۆئامادە کردن بۆ ئەنجامدانی هێرشی تێرۆریستی بۆ سەر چالاکانی ئۆپۆزێسۆنی وڵاتێکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستبەسەر کردووە. بە گوێرەی هەواڵێک کە لە بەشی پەیوەندییە سویدییەکانی کومتیەی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە وڵاتی سوید بە دەستمان گەشتووە، ئەو کەسە جگە لە سیخوڕی بۆ وڵاتێکی دیکتاتۆر، هەوڵی پێکهێنانی ڕایڵکەی تێرۆریستی لە وڵاتی سوید داوە و بە نیازی ئامادەکاری بۆ هێرشی تێرۆریستی بووە. بە پێی هەواڵێک کە لە سایتی ناوەندیی پۆلیسی نهێنی سوید دا بڵاو کراوەتەوە، ئەو کەسە دەستبەسەر کراوە دانی بەوەدا ناوە کە هاوکاری وڵاتێکی دیکتاتۆری دەکات و سیخوڕی بە سەر چالاکانی سیاسییەوە کردووە. دوسیەی تاوانی ئەو کەسە نێردراوەتە دادگای ستۆکهۆڵم و لە ماوەی داهاتوو دا بە پێی یاساکانی وڵاتی سوید سزا دەدرێ. بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیک دا و پاش سزا درانی لە لایەن دادگای سویدەوە، زانیاری لە سەر ئەو کەسە بڵاو کرێتەوە. پێویست بە ئاماژەیە کە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو دا جوڵەیەکی بەرچاو بە تۆڕە سیخوڕی و تێرۆریستییەکانی ڕژیمی ئیسلامی ئێرانەوە لە ئوروپا دەبیندرێ و وڵاتانی ئوروپایی زۆر بە وردی هەڵسووکەوتی باڵوێزخانە و دەست و پێوەندەکانی ڕژیمی ئیسلامی ئێرانیا خستووەتە ژێر چاوەدێریەوە.