کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەن‌زادە بڕوانامەی دوکتۆرای فەخری پێدرا

18:59 - 19 رەشەمه 2718

  پێشنیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەممە، ١٩ی ڕەشەمەی ١٣٩٧ی هەتاویی (١٠ی مارسی ٢٠١٩ی زایینی) لە ڕێوڕەسمێکی بەشکۆدا سەرۆکاتیی زانکۆی کۆیە بڕوانامەی دوکتۆرای فەخری لە بواری وەرگێڕان، بە بەڕێز مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەنزادە، سیاسەتمەدار و ئەدیبی ناسراوی کورد بەخشی. ڕێوڕەسمەکە بە ئامادەبوونی بەشێکی بەرچاو لە ئەدیبان، نووسەرانی کورد، ئەندامان و تێکۆشەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و نوێنەری لایەنە سیاسییەکانی دیکە دەستی ‌پێکرد. سەرەتا دوای هاتنە سەر شانۆی ئەنجوومەنی زانکۆی کۆیە، بۆ ڕێزلێنان لە یاد و بیرەوەریی بەڕێوەبەری بەرنامەی ڕێوڕەسمەکە، کورتەیەکی لە سەر ئامانج لە بەخسینی ئەو بڕوانامەیە باس کرد و، ڕایگەیاند؛ کە زانکۆی کۆیە بە مەبەستی ڕێزگرتن لەو کەسایەتییانەی کە لە ژیاندا ماون چەند جارێک هەوڵی هاوشێوەی بەخشینی بڕوانامەی دوکتۆرای فەخری ئەو زانکۆیە داوە، کە دوای بەخشینی ئەو خەڵاتە بە بەڕێزان دوکتور عیزەددین مستەفا ڕەسووڵ، د. کەماڵ مەزهەر و مام جەلال تاڵەبانی، ئەمجارە ئەنجوومەنی زانکۆی کۆیە بەڕێز عەبدوڵڵا حەسەن‌زادەی هەڵبژاردوە و بڕوانامەی دوکتۆرای فەخری پێ دەدا. لە بڕگەیەکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا کورتە فیلمێکی لە سەر مێژووی بەخشینی خەڵاتی دوکتورای فەخری بەو سێ کەسایەتییە پایەبەرزەی کورد پێشان درا و، دواتر کورتە فیلمێکی دیکیۆمێنتی تایبەت بە ژیانی ئەدەبی و سیاسیی مامۆستا عەبدوڵلا حەسەن‌زادە پێشان درا. لە بڕگەیەکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا وتاری سەرۆکایەتیی زانکۆ بەو بۆنەیە لەلایەن دوکتور حەیدەر لەشکەری پێشکێش کرا. لە وتاری سەرۆکایەتیی زانکۆی کۆیەدا ئاماژە بە هۆکاری دەستنیشان کردنی مامۆستا‌ عەبدوڵڵا حەسەنزادە بۆ پێدانی بڕوانامەی دوکتۆرای فەخری درابوو، هەروەها لەو وتارەدا ئاوڕێک لە تایبەتمەندییەکانی قەڵەمی حەسەنزادە بەتایبەتی لە بواری وەرگێڕاندا درایەوە. لە بڕگەیی دیکەدا سەرۆکی زانکۆی کۆیە دوکتور وەلی مەحموود لە لایەن سەرۆکایەتیی زانکۆی کۆیەوە بڕوانامەی دوکتۆرای فەخری ئەم زانکۆیەی بەفەرمی پێشکەش بە مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەنزادە کرد، کە بە گەرمی لە لایەن ئامادەبووانی ئەو ڕێوڕەسمەوە بە چەپڵە‌ڕێزان پێشوازی  لێکرا. لە درێژەی ڕێوڕەسمەکەدا دوکتور ڕێبوار سیوەیلی بە نوێنەرایەتیی ئاکادیمیای زمانی کوردی چەند وتەیەکی پێشکەش کرد و پاشان دوکتۆر عەبدولفەتاح بۆتانی، سەرۆکی ئاکادیمیای زمانی کوردی بانگهێشت کرد بۆ بەخشینی بڕوانامەی ئەندامەتیی فەخریی ئەو ئاکادیمیایە بە ئەدەیب و تێکۆشەری پایەبەرزی کورد مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەن‌زادە. پاشان ڕەسووڵ سوڵتانی شاعیر و وەرگێڕ، لە وەسفی مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەنزادەدا پارچە شێعرێکی پێشکەش کرد. لە بڕگەیەکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەنزادە چەند وتەیەکی بەنرخی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد و، لە قسەکانیدا وێڕای باسێکی کورت لە سەربردەی ژیانی ئەدەبی و سیاسی خۆی، سپاسی سەرۆکایەتیی زانکۆی کۆیەی کرد بۆ ئەو خەمخۆرییە نەتەوەییە. هەروەها تێکۆشەری دێرینی کورد کاک جەلیل گادانی وەکوو هاوسەنگەر و هاوڕێی دێرینی بەڕێز حەسەن‌زادە ، چەند وتەیەکی پێشکەش کرد. لە کۆتایی ئەو ڕێوڕەسمەدا پاش خوێندنەوەی کۆمەڵێک پەیامی پیرۆزبایی لایەن و کەسایەتییەکان کە بۆ ئەو ڕێوڕەسمەیان ناردبوو، لە لایەن دوستان و ناسیاوان و بنەماڵەی شەهیدانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە چەپکە گوڵەوە پیرۆزبایی لە بەڕێز مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەن‌زادە کرا. شایانی باسە بەڕێز کاک مستەفا مەولوودی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە چەپکە گوڵەوە لەو ڕێوڕەسمەدا بەشداریی کرد و، هەروەها بەرێز عومەر باڵەکی بە نوێنەرایەتیی دەفتەری سیاسی، چەپکە گوڵی ڕێزلێنانی پێشکەش بە مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەنزادە کرد. ئەو ڕێوڕەسمە بە گرتنی وێنەی یادگاری کۆتایی ‌پێهات.