کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

١٠٠ چالاکی مەدەنی؛ هەڵبژاردنی ڕەئیسی خەڵات‌کردنی جینایەتکارانە

14:47 - 20 رەشەمه 2718

لە درێژەی کاردانەوەکان لە هەمبەر هەڵبژاردنی ئیبراهیم ڕەئیسی لە لایەن خامنەییەوە بە سەرۆکی دەزگای دادی ئێران، زیاتر لە ١٠٠ چالاکی سیاسی و مەدەنی بە دەرکردنی بەیاننامەیەک وێڕای ڕەخنە‌گرتن لە ڕێبەری باڵای ڕێژیم ، هەڵبژاردنی رەئیسی‌یان بە کولاندنەوەی برینی کۆمەڵکوژی دەیەی ٦٠ی هەتاویی لە قەڵەم داوە. لە بەیاننامەی ١٠٠ چالاکی مەدەنی بە باسکردن لە کارنامەی ئیبراهیم ڕەئیسی کە لە کوشتنی جیابیرانی دەیەی ٦٠ی هەتاویی دەستی هەبووە لەو پێوەندییە‌دا هاتووە؛ هەڵبژاردنی ڕەئیسی بە سەرۆکی دەزگای قەزایی ئێران بێ‌ڕێزی کردنە بە ڕای گشتی و کولاندنەوەی برینی کوشتاری دەیەی ٦٠ هەتاوییەو نیشان لەوەیە کە خامنەیی جینایەتکاران خەڵات دەکا. بە پێی‌ڕاپۆرتی ماڵپەڕی زەیتوون ١٠٠ چالاکی مەدەنی ڕایانگەیاندوە کە سپاردنی دەزگای قەزایی بە کەسێک وەکوو ڕەئیسی خەڵات‌کردنی جینایەتکارەکان و، گوێ‌نەدانە بە ڕای گشتی لە نێوخۆی وڵات و، دەرەوەی وڵات . ئەو هەڵبژاردنە نیشان لەوەیە کە خامنەیی و تاقمی دەسەڵاتدار لە کۆماری ئیسلامی . ئەوەی بەلایانەوە گرینگ نیە خواست و ویستی خەڵکە. جێی‌وەبیرهێنانەوەیە ئیبڕاهیم ڕەئیسی، تەمەنی ٥٩ ساڵ، بەرپرسی "ئاستانی قودسی ڕەزەوی، یەکێک لە پڕ داهاتترین ناوەندە مەزهبیەکانی سەر بە حکوومەت، پێشترجێگری دەزگای قەزایی ئێران و ئەندامی کۆڕی هەڵسەنگاندنی بەرژەوەندییەکانی ڕێژیم بوو. ناوبراو لە تەمەنی ٢٠ ساڵیەوە لە دەزگای قەزایی ئێراندا دەسبەکار بووە و بەرپرسایەتی جۆراوجۆری لە ئەستۆ بووە. یەکێک بووە لە ئەندامانی ناوەندی بڕیار کە هەزاران کەسیان لە دەیەی ٦٠ کوشت و بە هۆی ئێعدامی هەزاران زیندانییەوە، کەسێکی بێزراو و جێگەی بێزاری خەڵکی ئێرانە. پێویستە بگوترێ ڕێوڕەسمی سپاردنی دەزگای قەزایی بە ئیبراهیم ڕەئیسی ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠ی ڕەشەمەی ٩٧ی هەتاویی بەڕێوەچوو. هەر لەو پێوەندییە‌دا ڕۆژنامەی بیلد ئاڵمانی نووسیویەتی: بکوژی هەزاران کەس و، خوو‌گرتوو بە ئەشکەنجە ، بە سەرۆکی دەزگای قەزایی ئێران دانرا. هەروەها ناوەندی مافی مرۆڤی ئێران ڕایگەیاند؛ دانانی ئیبراهیم ڕەئیسی، ئەندامی کۆمیسیۆنی مەرگ کە حوکمی لە سێدارەدانی هەزاران زیندانی لە ساڵی ١٩٨٨ دا پەسەند کردوە، وەک سەرۆکی دەزگای قەزایی، ڕەتکردنەوەی حاکمییەتی یاسا و دەستخۆشانەیە بۆ ئەو کەسانەی کە لە جینایەتی دژی مرۆڤایەتی دا دەستیان هەبووە.