کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەسرین ستوودە ٣٨ زیندانی بۆ بڕایەوە

20:26 - 20 رەشەمه 2718

ڕەزا خەندان هاوسەری نەسرین ستوودە ژنە پارێزەر و چالاکی مافی مرۆڤ کە لە ساڵی ٨٩وە دەسبەسەرکراوە رایگەیاند کە ؛ نەسرین ستوودە بە ٣٨ ساڵ زیندان و لێدانی ١٤٨ قامچی سزا دراوە. نەسرین ستوودە لەنگروودی مافناس و پارێزەری دەروەست و چالاکی مەدەنی، بە هۆی چالاکییەکانی لە بواری مەدەنی و بەرگری‌کردن لە منداڵانی بێ سەرپەرەست و هەروەها ئەندامی کانوونی داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ، لە ١٣ی خەرمانانی ساڵی ٨٩هەتاویی بە تۆمەتی "هەوڵدان بە دژی ئاسایشی نەتەوەیی و بێ‌ڕیزی کردن بە ڕێبەری باڵای ڕێژیم و بانگەشە بەدژی نیزام " دەسبەسەرکرا. ناوبراو لە مانگی ڕەزبەری ٨٩ لە بەندیخانەی ئێڤین مانی لە خواردن گرت. نەسرین ستوودە تا ئێستا چەندین خەڵاتی نێونەتەوەیی بە هۆی هەڵسووڕان و چالاکییەکانی لە بواری مافی مرۆڤ وەرگرتووە کە یەکێک لەو خەڵاتانە خەڵاتی ساخارۆفە و، هەروەها ساڵی ٢٠٠٨ی زایینش خەڵاتی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکانی پێ‌بەخشرا. شیاوی باسە سەپاندی سزای قورس بۆ سەر ئەو ژنە چالاکە لە کاتێک‌دایە کە رۆژی ١٧ی ڕەشەمە لە لایەن ئیمانۆئێل مەکرۆن سەرۆ‌ک‌کۆماری فەڕانسە بە فەرمی بانگ‌‌هێشت کرا بۆ ئەندامبوون لە شووڕای مەشوەرەتی یەکسانی ڕەگەزیی گرووپی حەوت. شیاوی باسە ئەمڕۆ لە ڕێورەسمی دەسبەکارکردنی ئیبراهیم ڕەئیسی وەکوو سەرۆکی دەزگای قەزایی ئێران، قازی "موقیسە" ڕایگەیاند کە نەسرین ستوودە بە هۆی هەوڵدان بەدژی ئاسایشی نەتەوەیی و بێ‌ڕێزی کردن بە ڕێبەری باڵای نیزام بە ٧ ساڵ زێندان سزا دراوە، بەڵام دەگوترێ کە ئەو ژنە بەندکراوە لە لایەن دەزگای قەزاییەوە چەند پەروەندەی دیکەشی بۆ کراوەتەوە.