کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوڵبەرێکی دیکە بە هۆی بەربوونەوە لە بەرزایی گیانی لەدەست‌دا

16:23 - 21 رەشەمه 2718

کۆڵبەرێکی تەمەن ١٦ ساڵ بە هۆی بەربوونەوە لە شاخەکانی ناوچەی مەریوان گیانی‌لەدەستدا لە درێژەی کارەساتی قوربانی‌بوونی کۆڵبەرانی کورد، ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی ڕەشەمە تازەلاوێکی خەڵکی مەریوان بە ناوی ئەفشار بە هۆی بەربوونەوە لە گەردەنەی "تەتە" لە ناوچەی هەورامانی مەریوان گیانی لە دەست داوە. کۆڵبەریی کارێکی سەخت و دژوار و پڕمەترسییە کە خەڵکی ناوچە سنوورییەکانی کوردستانی ناچار کردووە بۆ بژیوی ژیانیان پەنای بۆ ببەن و بەداخەوە لەو ڕێگایەشدا لە لایەن هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئاخوندییەوە دەکەونە بەر دەسڕێژ و گیان لەدەست دەدەن یا بریندار و نقوستان دەبن. بە هۆی سەختی شاخ و چیاکانی کوردستانەوە بەشێک لە کۆڵبەران بەهۆی هەڵدێران لە شاخەکان و یا بەهۆی بەفر و سەرما و سەهۆڵەوە گیان لە دەست دەدەن. شایانی باسە هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی دوو مانگ زستانی ڕابردوودا بە کوشتن و بریندارکردنی زیاتر لە 50 کۆڵبەر و کاسبکار لاپەڕەیەکی دی لە جینایەت دژی مرۆڤایەتییان خستووەتە سەر کارنامە ڕەشی خۆیان. هەروەها بە پێی ڕاپۆڕتی "چاونیوز" لە سێ مانگی پاییزیشدا 70 کۆڵبەر و کاسبکاریان دابووە بەر دەستڕێژ کە لەو 70 کەسە 23 کەس کوژراون و 47 کەسیش بریندار بوون.