کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چەند کەسایەتی بریتانیایی بەدوای پێ و شوێنی "قاسم سلێمانی"ەوەن

19:06 - 21 رەشەمه 2718

تەلەڤزیۆنی "ئەلان" لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە کەسایەتییە بریتانییەکان بە دوای پێ و شوێنی قاسم سلێمانی فەرماندەی سپای قودسی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوەن. ئەو بڕیارەی ئەوان لە کاتێکدایە کە کاناڵی بی بی سی فیلمێکی لە سەر کوژرانی ١٧٩ سەربازی بریتانی بڵاو کردەوە کە لە بنکەیەکی سەربازی لە شاری بەسرەی وڵاتی عیراق کوژراون و قاسم سلێمانی دەستی لە کوشتنی ئەو سەربازانەدا هەبوە. لەو فیلمەدا حاشاهەڵنەگرەدا باس لە پشتیوانی قاسم سلێمانی دەکا لە گرووپە توندڕۆکان و هەروەها ڕۆڵی ناوبراو لە تێکدانی ئاسایشی عێراقدا. ئەو بەڵگە و دێکۆمێنتانەی کە لەو فیلمەدا کەڵکیان لێوەرگیراوە، لە لایەن ڕۆژنامەی " دەیلی ئێکسپرێس" بڵاو کراونەتەوە. لەو فیلمە بەڵگەنامەییەدا جێ پەنجەی قاسم سلێمانی و سپای پاسدران لە پشتیوانی ناوبراو لە گرووپەکانی لوبنان و عێراق و سووریەدا بە تەواوی دیارە. قاسم سلێمانی فەرماندەی سپای قودسی ئێران، یەکێک لەو تێرۆریستانەیە کە بەهۆی کارە ئاژاوەگێڕی و تێکدەرانەکانی لە جیهان و ناوچەکەدا، خامنەیی ڕیبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران گەورەترین خەڵاتی پێدا. ناوبراو لە پێکهێنانی دەیان گرووپ و تاقمی تێرۆریستی نەخشی سەرەکی گێڕاوە و بە پارە و سامانی خەڵکی ئێران سەدان کردەوەی تێرۆریستی و تێکدەرانەی پێ ئەنجامداون.