کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یادی ۷۳ ساڵەی دامەزرانی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان لە کۆیە بەرز ڕاگیرا

18:50 - 23 رەشەمه 2718

پاش نیوەڕۆی ڕۆژی ۲۲ی ڕەشەممە، لە کۆیە یادی ۷۳ ساڵەی دامەزرانی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان کرایەوە. سەرەتای ڕێورەسمەکە بە سروودی ئەی ڕەقیب دەستی پێی کرد و پاشان ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە ڕۆحی پاکی شەهیدان ڕاگەیاندرا. دواتر سروودی "من ژنم" لە لایەن کچانی دێموکرات بە هاوکاری گرووپی موزیکی سەنتەری گەنجان پێشکەش کرا. پاشان پەیامی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان لە لایەن خاتوو شلێر مەحموودی سکرتێری ئەو ڕێکخراوەیە پێشکەش کرا. بڕگەی دواتری ئەو ڕێوڕەسمە پەیامی بنەماڵەی شەهید سوهەیلا قادری لە لایەن خاتوو شۆعلە قادری پێشکەش کرا. هەر لە درێژەی ڕێوڕەسمەکەدا ڕیزەگۆرانییەک لە لایەن گرووپی سروودەوە پێشکەش به ئامادەبووان کرا. پەیامی بەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بڕگەیەکی تری ڕێوڕەسمەکە بوو کە لە لایەن پێشەوا عەلیپوور سکرتێری ئەو ڕێکخراوەیەوە پێشکەش کرا. بنەماڵەی هونەرمەند ئەنوەر عەزیزیان و کیژووڵە دەنگ خۆشەکانی بە پێشکەش کردنی چەند گۆرانییەک ڕێوڕەسمەکەیان زیاتر ڕازاندەوە. کۆمیتەی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان لە گردەچاڵ بە چەپکە گوڵ رێزیان لە خۆراگری ژنانی بڕینداری مووشکبارانی قەڵای دێموکرات گرت. هەروەها ڕێکخراوەی چەتر بۆ گەشەپێدان چەپکە گوڵی پیرۆزبایی و لەوحی ڕێزلێنانیان بە بۆنەی یادی دامەزرانی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان پێشکەش بە خاتوو شلێر مەحموودی سکرتێری ئەو ڕێکخراوەیە کرد. لە بڕگەیەکی تری ئەو ڕێورەسمە رێز لە خۆراگری بنەماڵەی شەهیدان سوهەیلا قادری و نەسرین حەداد و ژنانی برینداری موشەکبارانی قەڵای دێموکرات گیرا. بڕگەی کۆتایی ڕێوڕەسمەکه ڕێزلێنان بۆ کۆمەڵێک خاتوونی ئەندامانی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان تەرخان کرابوو. شایانی باسە کە لەوحێکی ڕێزلێنان لە لایەن خاتوو شلێر مەحموودیەوە پێشکەش بە کاک ئەمیر بابان بەرپرسی سەنتەری چالاکی گەنجان لە کۆیە کرا کە لە ماوەی ڕابردوودا هاوکار و پشتیوانی ئەو ڕێکخراوەیە بوون.