کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکیەتیی ئورووپا حوکمی دەرکراو بۆ "نەسرین ستوودە"ی مەحکووم کرد

18:53 - 23 رەشەمه 2718

بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی ڕادیۆ فەڕانسە، وتەبێژی "فدریکا موگرینی" بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا، بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک نیگەرانی خۆی لە حوکمی دادگای ئینقلابی تاران دژی نەسرین ستوودە، براوەی خەڵاتی ساخارۆفی یەکیەتیی ئورووپا دەربڕی و ئەو بڕیارەی دادگای بردە ژێر پرسیار کە بەبێ لەبەرچاوگرتنی سەرەتاییترین مافی زیندانی، لە دادگاییەکی پشت دەرگا داخراوەکاندا ناوبراو حوکم دراوە. وتەبێژی فدریکا موگرینی ڕایگەیاند کە یەکیەتیی ئورووپا خوازیاری پێداچوونەوە بە حوکمی نەسرین ستوودە و هاوژینەکەی "ڕەزا خەندان" دایە کە ئەویش پێشتر بە شەش ساڵ زیندان حوکم دراوە. یەکیەتیی ئورووپا رایگەیاند کە مافی ڕێپێوانی ئارام و ئازادی بەیان لە پەیماننامە نێونەتەوەییەکاندا هاتوون و دەوڵەتی ئێرانیش یەکێک لەو وڵاتانەیە کە ئەو پەیماننامەی ئیمزا کردووە. بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ئیسنا، قازی محەممەد مقیسە، سەرۆکی بەشی ٢٨ی دادگای ئینقلابی تاران ڕایگەیاندووە کە نەسرین ستودە بە تۆمەتی دژایەتی لەگەڵ نیزام و بێڕێزی بە عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە حەوت ساڵ زیندان مەحکووم کراوە، بەڵام بە وتەی ڕەزا خەندان، بەڕێوەبەرانی زیندانی ئەوین پێیانڕاگەیاندووە کە نەسرین ستوودە بە ٣٣ ساڵ زیندان و لێدانی ١٤٨ قامچی مەحکووم کراوە و هەروەها ٥ساڵ زیندانی دیکەش بەسەر ئەو ژنە چالاکە سەپاوە کە سەرجەم دەبێتە ٣٨ ساڵ هەر لەو پێوەندییەدا ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی بە ڕاگەیەندراوێک حوکمی نەسرین ستوودەی بە زیندان و لێدانی قامچی، بە ڕیسوایی و ناعەداڵەتی بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران ناو برد و خوازیاری ئازادکردنی بە پەلەی ناوبراو بوو.