کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

‍ بە نیشانەی هاودەردی لە گەڵ سێڵاولێدراوانی ئێران و کوردستان کۆتایی بە ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزی دەهێنین

22:39 - 6 خاکەلێوه 2719

هاونیشتمانانی خۆشەویست! خەڵکی مافخوازی کوردستان! ئێوە بۆ جارێکی دیکە و لە نەورۆزێکی دیکەی کوردەواریدا بە بەڕێوەبردنی چەندین ڕێوڕەسمی پڕشکۆی پڕ لە پەیام و نێوەرۆکی نەتەوەیی و نیشتمانی لە ئاستێکی بەربەرینی جەماوەریدا سەلماندتان کە لە پێناو ویست و داخوازییە ئینسانی و نەتەوەییەکانی خۆتان هەروا بەردەوام و شێلگیرن کە جێی سپاس و پێزانینە. لە حاڵیکدا ئێوە سەرەڕای بەربەست و گوشاری هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم، سەرقاڵی بەڕێوەبردنی بەشێکی دیکە لە ڕێوڕەسمە نەورۆزییەکانی ئەمساڵ بوون و بە پێی قەرار و ساغبوونەوەی پێشوەخت و پلان بۆ داڕێژراو، پێوەبوون لە ڕۆژانی داهاتوودا لە چەند شوێن و ناوچەی دیکە ڕێوڕەسمی گەورەتر و پڕشکۆتر بەڕێوەبەرن، بەداخەوە بە هۆی کەش و هەوای بارانی و هەستانی لافاو لە چەندین شار و ناوچەی ئێران و کوردستان، دۆخێکی نەخوازراو و چاوەڕواننەکراو هاتە پێش کە زەرەر و زیانێكی قورسی ماڵی و گیانیی بۆ خەڵکی وڵات و نیشتمانەکەمانی بەدوادا هات. بۆیە ئێمە، حیزب و لایەنەکانی ئەندام لە "ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران" وێڕای دەربڕینی داخ و کەسەری خۆمان و مەحکوومکردنی کەمتەرخەمی دام و دەزگا پێوەندیدارەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە پێوەندی لە گەڵ ئەم دۆخەی کە بەسەر خەڵکدا هاتووە و، وێڕای ڕاگەیاندنی سەرەخۆشیی خۆمان لە بنەماڵەی قوربانیان و هیوای چاکبوونەوەی هەرچی زووتری برینداران، بە درووستی دەزانین بە نیشانەی هاوخەمی لە گەڵ خەڵکی زیاندیتوو، کۆتایی بە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمە نەورۆزییەکان بهێندرێ. ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران ٦ی خاکەلێوەی ١٣٩٨