کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە بۆنەی ساڵرۆژی دامەزرانی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

23:19 - 20 خاکەلێوه 2719

ئامادەبوانی بەڕێز! لاوانی پڕ لە هەستی نیشتمان! بەڕێوەبەریی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان!   سەرەتا بە بۆنەی ساڵڕۆژی دامەزرانی یەكیتی لاوانەوە پڕ بە دڵ پیرۆزبایی لە هەمووتان دەکەین و بەردەوامیی و درێژەدانی رێگاکەتان لە پێناو ئامەنجە بەرزەکاندا بۆ بەئاوات دەخوازین. یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان وەک بەڕابردووترین رێکخراوی سینفیی کوردستان، ئەمڕۆ لە نێو رێکخراوە کوردییەکاندا جێگە و پێگەیەکی دیاری لە تێکۆشان و دەرکەوتن و داهێناندا هەیە. ئەم رێکخراوە لەم ساڵانەی دواییدا بە بەشداری و دەرکەوتن لە کۆڕوکۆمەڵە جیهانییەکان و داهێنانی نوێ و زەرووری لە پێوەندی لە گەڵ کۆکردنەوەی لاوانی هەرچوارپارچەی کوردستان و کۆکردنەوەی لاوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دەوری یەکتر و بۆ کاری هاوبەش، ئێعتباریکی دیکەی ریکخراوەیی بۆ خۆی دەستەبەر کرد کە جێی ئافەرین پێ وتنە. کار و تێکۆشانی بەکردەوەی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە چوارچێوەی کۆڕبەندی گشتیی لاوانی چوارپارچەی کوردستان و بەتایبەت لە ئاستی رێکخراوەکانی تایبەت بە رۆژ‌هەڵاتی کوردستان و بەڕێوەبردنی چەند سمینارێکی باش و پڕنێوەرۆک لە ژێرناوی "پلاتفۆڕمی وێران" لەم ساڵانەی دواییدا، دەریدەخەن کە ئەم رێکخراوە هەنگاوی جیدی و بە پلانی لە پێناو بەرجەستەکردنەوەی فکر و خولیاکانی لاوانی کورد هەڵێناوەتەوە. حیزبی دێموکراتی کوردستان وێڕای دیتن و بەرزنرخاندنی چالاکی و تێکۆشانی یەکیەتیی لاوانی رۆژهەڵاتی کوردستان و دووپاتکردنەوەی پشتیوانیی خۆی لەم رێکخراوە، بەردەوامیی و هەرچی کاراتربوونی لە پێناو بەرزکردنەوەی ویست و داخوازییەکانی لاوان و دەرخستنی تواناکانی ئەم توێژە لە کۆمەڵگە، بە ئاوات دەخوازێ. ئەوەی لەم ساڵانەی دواییدا لە رۆژهەڵاتی کوردستان و لە چوارچێوەی بزووتنەوە گەورە نەتەوەییەکەدا ڕووی داوە و هەموو بەستێنەکانی خەباتی بەرانبەر بە دەسەڵاتی ناوەندگەرای ئیرانی گرتۆتەوە، بزاڤێکی نەتەوەیی شوناسخوازانەی نوێیە کە کوڕان و کچانی لاوی گەل، کاراکتێر و هێزی هەرە بنەڕەتیی ئەم بزاڤەن. ئەوان وێڕای بە میرات وەرگرتنی پاشخانی پڕ لە ئەزموونی خەباتی نەوەکانی پێش خۆیان بۆ دەستەبەرکردنی سەروەرییەکانی خاک و نیشتمان، لە فۆڕم و ڕەفتارێکی نوێی دیکەدا و بە ئیرادەیەکی قاییمەوە، خەریکن لە هەموو بەستێن و دەرفەتێک دا - لە پێناو بە‌هێزکردنی هۆڤییەتی نەتەوەیی و نیشتمانی خۆیاندا– بەگژ دەسەڵات و سیاسەتە دژیگەلییەکاندا دەچنەوە. ئەوە لاوانن کە بە تێگەیشتن لە زەروورەتی کاری جەمعی و هاوبەش لە کۆمەڵگەی ئەمڕۆی کوردستان و لە چوارچێوە رێکخراوە مەدەنییەکاندا خەریکی رێکخستنی جووڵەی جەماوەری و گشتین، ئەوە لاوانن کە بە دەستی بەتاڵ بەڵام ئیرادەیەکی بەرزی نیشتمانییەوە لە چوارچێوەی رێکخراوەکانی ژینگەپاریزیدا، بۆ پاراستنی نیشتمان، باجوەرئاسا تێدەکۆشن، ئەوە لاوانی نیشتمانن کە بە وەڕێخستنی ناوەندەکانی فێرکاریی زمانی کوردی و بەشداریکردنیان لە خولەکانی فێربوونی نووسین و خوێندنەوە بە زمانی دایکیی خۆیان، پارێزگاری لە بەشێکی هەرە ئەساسی لە ناسنامەی نەتەوەیی خۆیان دەکەن و ئێزن نادەن زمانەکەیان بفەوتێندرێ، ئەوە لاوانی کوردستان بوون کە لە ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزی ئەمساڵ و ساڵانی پێشوودا بە لەملکردنی جامانە و بەرزکردنەوەی ئاڵای پیرۆزی کوردستان و چڕینی سروودی نەتەوایەتیی "ئەی ڕەقیب"، بەگژ سیاسەتی ئاسیمیلاسیۆنی نەتەوەیی دەسەڵاتی ناوەندگەرای ئێراندا چوونەوە، ئەوە گەنجانی کوردستانن کە سەرەڕای بەربەست و مەحروومکردنیان لە دەرفەتەکانی پێشکەوتن و سڵامەتی، تەنیا لە سەر توانایی و ئیرادەی خۆیان لە باشگاکانی وەرزشی دا بە وەدەستهێنانی پلە بەرزەکان، سەری خۆیان و میللەتەکەیان بەرز ڕادەگرن، ئەوە کوڕان و کچانی دڵ پڕ لە ئەوین بە سەربەستیی خاک و خەڵکن کە پۆل پۆل بە ڕیزی تێکۆشەرانەوە پەیوەست دەبن و سەرنگەری پێشمەرگایەتییان وەک هەمیشە ئاوەدان ڕاگرتووە. لاوانی هوشیار و دەروەستی نیشتمان کە ئەمڕۆ لە هەموو بەستێنەکانی تێکۆشان و خەباتدا حزووری سەرەکی و بەرچاویان هەیە، بەمەبەستی تەقوییەتی هۆڤییەتی نەتەوەیی و نیشتمانی، بە دەرکێکی درووست لە بەرژەوەندی گشتی و نەتەوەیی گەیشتوون. هەر بۆیە لە پەیام و هاوارەکانیادا بە بێ ئەوەی لێی ماندوو بن و بە بێ ئەوەی لە ڕابردووی ناتەبایی و نالێکییەکاندا بژین، سەرسەختانە پێداگری لە سەر یەکگرتوویی و یەکبوون دەکەن. ئەمە یەکێکە لە تایبەتمەندییە هەرە بەرزەکانی ڕەفتاری توێژی لاو بەتایبەتی و کۆمەڵگەی ئەمڕۆی کوردستان بە گشتییە. ئەوان کە چەند ساڵێکە قەوارەیەکی گشتی و جەماوەرییان بە ڕەفتار و هەڵوێستەکانیان داوە، بە تەواوەتی زەروورەتی یەکیەتیی و یەکگرتوویی نەتەوەییان بۆ کۆمەڵگە و بۆ بزووتنەوەی سیاسی - نەتەوەیی دەرک پێ کردوە. رێوڕەسمە نەورۆزییەکانی ئەم چەند ساڵانەی دوایی کە دەرفەتێک بووە بۆ دەرخستنی ڕەفتاری گشتی و جەماوەریی خەڵک، باشترین بەڵگەن بۆ ئەم ئیدیعایە؛ نێوەڕۆکی زۆربەی ئەم ڕێوڕەسمانە، قسەکردن لە سەر زەروورەتی یەکگرتووی و بەگژداچوونی ئەقڵییەتی لێکدابڕان و ناتەبایی بووە. هەموو ئەم کارنەڤاڵانە لە ژێر درووشمەکانی؛ "یەکبوون"، "یەکگرتوویی" و "یەکڕیزی"دا بوو. هەستکردن بە زەروورەتی یەکگرتوویی و یەکبوون، بەرزترین "خەسڵەت"ی ڕەفتاری کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە کە دەبێ و پێویستە بە گرینگییەکی هەرچی زیاتر و دەروەستانە خوێندنەوەی بۆ بکرێ و هەوڵ بدرێ لە چوارچێوەی بزووتنەوەی سیاسی – نەتەوایەتیی خەڵکی کوردستاندا بە ڕەسمی بناسرێ. لاوانی نیشتمانەکەمان کە داینامۆی سەرەکیی ئەم خەباتە فڕەڕەهەند و فرە بەستێنە بوون و هەن و، لە رێبازی خەباتی شوناسخوازانەی نەتەوەییدا خەریکی تێکۆشان و خۆڕێکخستنن، ئەمڕۆژانە خاوەندارێتی پرسێکی گرینگی نەتەوەیی و نیشتمانی دەکەن، لەم پێناوەدا هەزینەی قورس و گرانیان داوە. گرتن و ڕاوەدوونان، بێ‌بەشکردن لە خوێندن، هەوڵدان بۆ تووشکردنیان بە مادەهۆشبەرەکان، بێکارکردن، هەوڵدان بۆ بەتاڵکردنەوەیان لە هەستی نەتەوەیی و بەنامۆکردنیان بەرانبەر بە پرسی خاک و خەڵک، سەپاندنی حوکمی قورس و گران بەسەریاندا و لەسێدارەدانی ناوەبەناوەیان، ئەو هەزینانە کە ئەم توێژە لە کۆمەڵگەکەمان بە هۆی دەسەڵاتی ڕەشی کۆماری ئیسلامییەوە تەحەموولی دەکەن. بەڵام وەک باس کرا ئەوە لاوانی نیشتمانن کە سەرەڕای هەموو ئەم پیلان و هەڕەشانە دیسان هەروا بە ئیرادەیەکی بەرزی نەتەوەییەوە خەریکی بردنەپێشی خەباتی مافخوازانەی نەتەوەکەیانن. بۆیە لێرەدا پێویستە وێڕای رێز و پێزانین و ئافەرین پێوتینیان، بە هیواوە بڕوانینە دواڕۆژی ئەم بزووتنەوە ڕەوا و مافخوازانەیە. هەروەها جێی خۆیەتی لەم دەرفەتەدا بەیادکردنەوە لە کۆمەڵێک لە زیندانیانی سیاسیی گەلەکەمان وەک؛ محەممەد نەزەری، عوسمان مستەفاپوور، والی دروودی، عومەر ئیمامی، کەماڵ شەریفی و زەینەب جەلالیان کە تەمەنی پڕبایەخی لاوەتی خۆیان لە چاڵەڕەشەکانی نیزامی بێدادیدا تێپەڕاند و نموونەی لاوی تێکۆشەری کوردن کە هەمووتەمەنی لاوەتیان لە زیندان و لە ژێر ئەشکەنجە و دووری لە بنەماڵە و خەڵکی خۆیاندا تێپەڕ کردووە، رێز لە هەموو ئەو کەسانە بگرین کە لەپێناو مان و مەوجوودیەتی میللەتەکاماندا هەزینەیان داوە. جارێکی دیکە پیرۆز بێت ساڵیادی دامەزرانی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.   حیزبی دێموکراتی کوردستان دەفتەری سیاسی ٢٠ی خاکەلێوەی ١٣٩٨ی هەتاوی