کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کردنەوەی پێگەیەک بۆ کتێبی کوردی

00:01 - 1 بانەمەڕ 2719

بۆ ئۆگرانی کتێب و خوێندنەوە و فێربوون! بۆ نووسەران(ئەدیبان، توێژەران و سەرجەم قەڵەمبەدەستان)ی کورد! نەبوونی کتێبخانەیەکی ئەلکترۆنی کە بتوانێ بۆ خوێنەری کورد و ئەو کەسانەی کە دەیانهەوێ لە سەر "کورد و کوردستان" شارەزایی پەیدا بکەن، بۆشاییەکی گەورەیە. بە مەبەستی پڕکردنەوەی ئەم بۆشاییە، ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان مەبەستیەتی بە هیممەتی تەواوی ئەو کەسانەی کە دەتوانن لەم بوارەدا هاوکار و پشتیوان بن، یەکەمین هەنگاوەکان هەڵێنیتەوە. بۆ ئەم مەبەستە کتێبخایەنەیەکی دیجیتاڵی بە ناوی "ڕابەری" و بە ئادرەسی www.rabari.org ئامادە وتەڕاحی کراوە کە بە هیممەتی هەموو لایەک مەبەستمانە وەک کتێبخانەیەکی گەورەی کوردی، پێشکەشی کۆمەڵگەکەمانی بکەین. ئەم هەوڵە، بەو مەرجە سەركەوتوو دەبێت، كە هەموو ئەوانەی خاوەنی بەرهەمن یان بەرهەمی باشی نووسەران و توێژەرانیان لایە، بە ناردنی فایلی (pdf)ی کتێبەکان، وتارە تەحقیقی و توێژینەوەییەکان، بڵاوکراوە کۆن و خاوەن ئێعتبارەکان، هاوکاریمان بکەن، چونكە بەبێ هاوكاریی ئەوان، هەوڵەكەی ئێمەش وەك زۆربەی ئەو هەوڵانەی لەوەپێش دراون، شتێكی ئەوتۆی لێ شین نابێت، بەڵام ئەگەر دڵسۆزان هەر كەسە و لەجێی خۆیەوە قۆڵی لێ هەڵماڵن، بەدڵنیاییەوە دەتوانین پێگەیەكی بەهێز و سەرچاوەیەكی بەپێز بنیات بنێین. بۆیە لێرەوە داوا لە هەموو نووسەرانی کورد و ئۆگرانی کتێب و خوێندنەوە دەکەین کە بە مەبەستی دەوڵەمەندکردنی ئەم کتێبخانەیە، هەر کتێب و نامیلکە و بابەتێک کە بە pdf لە بەردەستیان‌دا هەیە لە ڕێگای شوێنی "ناردنی کتێب" یان بۆ ئادرەس ئیمەیلی [email protected] ی بنێرن. سپاس بۆ هەموو ئەو ئازیزانەی تا ئێستا هاوکار و هاندەرمان بوون هەروەها پێشەکی سپاس و پێزانین بۆ ئەو بەڕێزانەی بە ناردنی کتێب و پێشنیارەکانیان، لە دەوڵەمەندکردنی ئەم کتێبخانەیەدا بەشدار دەبن. ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان ٣١ی خاکەلێوەی ١٣٩٨ی هەتاوی