کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی بەڕێز قوباد تاڵەبانی بۆ سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان

06:53 - 3 گەلاوێژ 2719

بەڕێز قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە وڵامی پەیامی پیرۆزبایی بەڕێز مستەفا مەولوودی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان، بەبۆنەی هەڵبژێرانی بەڕێزیان بە جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دایەوە. لە پەیامەکەی بەڕێز کاک مستەفادا هاتبوو کە هیوخوازە خەڵک و هێزە سیاسییەکانی باشووری کوردستان بە لێکتێگەیشتن و یەکگرتوویی زیاترەوە ڕووبەڕووی ئەگەر و ئاستەنگەکانی ئەم قۆناغە ببنەوە. بەڕێز قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش لە وەڵامدا نووسیویەتی: بە دڵنیاییەوە هەموو توانامان دەخەینە گەڕ بۆ ئەوەی لەم کابینەیەدا بە یەکگرتوویی بەرەنگاری هەموو ئاستەنگەکان ببینەوە. سەرنجتان بۆ دەقی وڵامی بەڕێز قوباد تاڵەبانی ڕادەکێشین: " سڵاوێکی گەرم، بەسپاسەوە، پیرۆزباییەکەتانم بە دەست گەیشت، ئێمە گەشبینین لە چوار ساڵی داهاتوودا بتوانین بە ئیرادەیەکی بەهێزەوە بەرنامەی کاریی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکەین کە کۆمەڵێک خاڵی گرینگی لە بوارەکانی چاکسازی ئابووری و ئیداری و خزمەتگوزاری و چۆنییەتی گەشەپێدانی کوردستانەکەمانی لەخۆ گرتووە. لەم چوارچێوەیەدا دڵخۆشین بە پشتگیری ئێوە و هەموو لایەنە سیاسییەکان، وەک وەک لە پەیامەکەتاندا ئاماژەتان پێ دابوو، بە دڵنیاییەوە هەموو توانامان دەخەینە گەڕ بۆ ئەوەی لەم کابینەیەدا بە یەکگرتوویی و یەکڕیزییەوە بەرەنگاری هەموو ئەو ئاستەنگ و تەحەدایانە ببینەوە کە ڕووبەڕووی هەرێمی کوردستان دەبێتەوە. لەگەڵ ڕێزدا، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران