کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەهیدبوونی دوو ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ناوچەی مەهاباد

14:45 - 9 خەرمانان 2719

هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە مەهاباد لە جینایەتێکی دیکەدا دوو ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە نێوخۆی وڵاتیان دایە بەر دەستڕێژ. لەم پەلامارەدا ئەم دوو ئەندامەی حیزبی دێموکراتی کوردستان شەهید بوون. ڕۆژی هەینی، 8ی خەرمانان هێزێکی زۆری ڕێژیم هێرشیان کردە سەر ئاوایی "حەسەن چەپ"ی سەر بە ناوچەی مەنگوڕایەتیی مەهاباد و دوو کەسیان بە تۆمەتی هاوکاریکردنی هێزەکانی پێشمەرگە دایە بەر دەستڕێژ. لەو پەلامارەدا بەداخەوە سادق دێهکوردی (ناسراو بە سادق ئاگوشی) و بایز ڕەسووڵی شەهید بوون. شەهیدان سادق ئاگوشی، کوڕی کاوەی برایم پیرۆت و خەڵکی پیرانشار؛ و بایز ڕەسووڵی، کوڕی عەلی خەڵکی ئاوایی حەسەن چەپ؛ دوو ئەندامی چالاکی ڕێکخستنەکانی نێوخۆی وڵاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان بوون و بە دڵسۆزی و ئەرکوەخۆگرییەوە بەرپرسایەتی و ئەرکە حیزبییەکانیان ڕادەپەڕاند. کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەبۆنەی شەهید بوونی ئەم دوو ئەندامەی حیزب لە نێوخۆی وڵات، سەرەخۆشی لە بنەماڵەو کەسوکاری شەهیدان سادق ئاگوشی و بایز ڕەسووڵی و هاوسەنگەرانیان لە حیزبی دێموکرات و خەڵکی کوردستان دەکا. نەمری بۆ شەهیدان و ڕیسوایی بۆ خۆفرۆشان مەرگ و نەمان بۆ رێژیمی دژەکوردی کۆماری ئیسلامیی ئێران