کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

برای سەرۆککۆماری ئێران بە پێنج ساڵ بەندکران حوکم درا

21:38 - 10 رەزبەر 2719

برای حەسەن ڕوحانی سەرۆککۆماری ئێران لە دادگای پێداچوونەوەدا حوکمی ٥ ساڵ بەندکرانی بە سەرداسەپا. غولامحوسێن ئیسماعیلی، وتەبێژی دەزگای قەزایی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕۆژی سێشەممە ۹ی ڕەزبەری ١٣۹٨ی هەتاوی، لە دانیشتنێکی هەواڵدەریدا حوکمی بەندکرانی حوسێن فەرەیدوون، برای حەسەن ڕوحانی سەرۆک کۆماری ئێران، کە بەتۆمەتی گەندەڵیی ماڵی و بەرتیل وەرگرتن دەسبەسەر کرابوو پشتڕاست کردەوە و ڕایگەیاند کە لە دادگای پێداچوونەوەدا بڕیاری یەکجاریی درا و حوکمی ناوبراو کە پێشتر ۷ساڵ بوو لە لایەن دادگای پێداچوونەوەدا بۆ ٥ ساڵ کەم کرایەوە و دەبێ سزای نەغدینەش کە ۳۱ میلیارد تمەنە، بیداتەوە بە دەوڵەت. شایانی باسە کە حوسێن فەرەیدوون برای حەسەن ڕوحانی، ڕۆژی ۲٥ی پووشپەڕی ساڵی ۱۳۹٦ی هەتاوی، بە تۆمەتی گەندەڵیی دارایی، سپیکردنەوەی پارە، بەرتیل وەرگرتن لە خەڵک، دەسبەسەرکرا و دوای دوو ڕۆژ بە دانانی بارمتەی ٥۰ میلیارد تمەنی ئازادکرا. ناوبراو سەرەنجام ڕۆژی ٩ی ڕەزبەر لە لایەن دادگای پێداچوونەەدا حوکمەکەی پشتڕاست کرایەوە. جێگەی وەبیرهێنانەوەیە کە حوسێن فەرەیدوون لە دەورەی یەکەمیی سەرکۆماریی حەسەن ڕوحانیدا یارمەتیدەری تایبەت و لە ئەندامانی هەیئەتی ئێرانی بۆ وتووێژی ناوکی بووە لەگەڵ وڵاتانی زلهێزی جیهان.