کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامی خۆپێشاندانەکانی خەڵکی عێراق دژی کۆماری ئیسلامی

14:22 - 11 رەزبەر 2719

ماوەی دوو ڕۆژە خەڵکی چەند شارێکی عێراق دەستیان داوەتە خۆپێشاندان و دژایەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران دروشمی خۆپێشاندەرانە. ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ٩ی ڕەزبەری ٩٨ی هەتاوی بەرانبەر بە ١ی ئۆکتۆبێری ٢٠١٩ی زایینی، خەڵکی عێراق لە شاری بەغدا بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بە لابردنی بەرپرسی ئاسایشی گشتیی عێراق و دانانی کەسێکی حەشدی شەعبی و نزیک لە کۆماری ئیسلامی لەو پۆستە، خەڵکی ناڕازی ڕژانە سەرشەقامەکانی بەغدا وخۆپێشاندانێکی هێمنانەیان بەڕێوەبرد و دژی کۆماری ئیسلامی دروشمیان بەرزکردەوە کە دواتر هێزەکانی حەشدی شەعبی تەقەیان لە خۆپێشاندەران کرد و ئاڵۆزی لێکەوتەوە. ئەو خۆپێشاندانە هەر زوو چەند شارێکی شیعەنشینی باشووری عێراقی گرتەوە و بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حەشدی شەعبی زیاتر لە ٢٠٠ کەس کوژران و بریندار بوون. لەگەڵ ئەوەی کە خۆپێشاندانەکە دژ بە دانانی کەسێک بوو لە پۆستێکی ئەمنیدا، بەڵام دواتر دەرکەوت کە خۆپێشاندانەکان دژ بە دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانن. خۆپێشاندەران لەنێو شەقامەکان ئاڵای ئێرانیان ئاگر تێبەردا و دژی کۆماری ئیسلامی دروشمیان دا. یەکێک لە خۆپێشاندەران کە جلیسقەیەکی سەربازی ئەرتەشی عێراقی لەبەردایە، هاوار دەکا و دەڵێ: "ئەو جلیسقەیەم لە سەربازێکی ئێرانی ستاندوە". ئەو چەکدارە ئێرانییە لەگەڵ ئەو چەکدارانەیە کە هێرشیان کردۆتە سەر خەڵک و خۆپێشاندەرانیان سەرکوت دەکرد. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران دوای ڕوخانی حکوومەتی سەددام حوسێن بەهەموو شێوەیەک هەوڵیداوە کە هێز و میلیشای جۆراوجۆر پێکبێنی و لەو وڵاتە پەلوپۆ بهاوێ، بەڵام دوای بەفیڕۆدانی ئەو هەموو سامانەی خەڵکی ئێران، نەک هەر نەیتوانی ببێتە جێگەی ڕەزایەتی خەڵکی عێراق، بەڵکوو دەستێوەردانەکانی بوونە جێی ناڕەزایەتی خەڵک و ساڵی رابردووش کۆنسۆلگەری ئەو ڕێژیمە لەلایەن خۆپێشاندەرانەوە لە شاری بەسرە ئاگری تێبەردرا. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە هیوایەکی زۆری لەسەر شیعەکانی عێراق هەڵچنیبوو، نەک هەر نەیتوانی جێگە و پێگەیەک بۆ خۆی بکاتەوە، بەڵکوو بوو بەهۆی نەفرەت و ناڕەزایەتی خەڵکی عێراق ودژی ئەو ڕێژیمە دروشم بەرزدەکرێتەوە و کۆنسولگەری و ئاڵاکەی لەلایەن خەڵکی ناڕازی ئەو وڵاتەوە دەسوتێنرێ کە ئەوەش ڕیسواییەکی دیکەیە بۆ ئەو ڕێژیمەی کە بۆتە بەڵای سەری گەلانی ئێران و گەلانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی نێوەراست.