کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی تێکۆشەرێکی دێرین و باوکی شەهیدێکی حیزبی دێموکرات لە ناوچەی سەردەشت

17:24 - 11 رەزبەر 2719

ڕۆژی چوارشەممە ڕێککەوتی ١٠ی ڕەزبەری ساڵی ١٣٩٨ھەتاوی، حاجی عەلی موتەفیق ئەدیب ، ناسراو بە عەلی چاپەز لە تەمەنی ٨٨ ساڵیدا لە وڵاتی دانمارک کۆچی دوایی کرد . حاجی عەلی یەکێک لە تێکۆشەرە ناسراوەکانی ناوچەی سەردەشت بوو کە لە ھەردوو دەورانی نیزامی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامی دا بوێرانە خەباتی کرد و تێکۆشا و بۆ تاکە ساتێک لە خزمەت کردن بە حیزب و گەلەکەی ڕانەوەستا. لە سەردەمی ڕێژیمی پاشایەتی دا بە تۆمەتی ئەندامەتی لە حیزبی دێموکرات گیرا و خرایە بەندیخانەوە و دواتر لە ساڵەکانی ٤٦ و ٤٧ چەکی پێشمەرگایەتی کردە شان و لە ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا تێکۆشانی خۆی دەست پێکرد. ناوبراو مرۆڤێکی نیشتیمانپەروەر، دڵسۆز و خۆشەویستی کۆمەڵانی خەڵکی ناوچەی سەردەشت بوو . حاجی عەلی هەر بە بنەماڵەوە وێڕای کوڕ و کچەکانی هەر لە خزمەت حیزب و گەلەکەی دابووە . حاجی عەلی لە ڕێگەی خەباتدا کوڕێکی بە ناوی حەسەن چاپەز ناسراو بە حەسەن ئارپیجی، لە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا شەهید بوو. شەهید حەسەن پێشمەرگەیەکی ئازا و نەترسی دێموکرات بوو کە لە ساڵی ١٩٩٥ی زایینی لەگەڵ دوو هاوڕێی بە ناوەکانی ساڵح محەممەدپەنا و قادر ڕابت لەکاتی مەئمووریەتی حیزبیدا لە ناوچەی سەردەشت شەهید بوون. لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی بنەماڵەی حاجی عەلی چاپەز، خزم و کەسوکاری و خەڵکی ناوچەی سەردەشت دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.