کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەردانی پارتی شەپێلی پێشڤەرۆی کوردی سووریە لە سکرتاریای حیزبی دێموکراتی کوردستان

17:58 - 13 رەزبەر 2719

هەیئەتێکی ڕێبەریی پارتی شەپێلی پێشڤەرۆی کوردی سووریە سەردانی سکرتاریای حیزبی دێموکراتی کوردستانی کرد و لە کۆبوونەوەیەکی چەند سەعاتەی نێوان دوولایەندا، کۆمەڵە بابەتێکی پێوەندیدار بە پرسی کورد لەو دوو بەشەی کوردستان تاوتوێ کران. بەیانیی ڕۆژی هەینی، 12ی ڕەزبەر هەیئەتێکی ڕێبەریی پارتی شەپێلی پێشڤەرۆی کوردی سووریە بە سەرپەرستیی کاک ڕێزان شێخمووس، سکرتێری ئەم حیزبە بۆ سەردان و کۆبوونەوە لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستان گەیشتنە سکرتاریای حیزب و لەلایەن هەیئەتێکی ڕێبەریی حیزب بە سەرپەرستیی کاک مستەفا مەولوودی، سکرتێری گشتیی حیزبەوە پێشوازییان لێکرا. لە سەرەتای ئەم دیدارەدا کاک ڕێزان شێخمووس بەبایەخەوە باسی لە هەڵویستی سیاسی و نەتەوەیی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەنیسبەت پرسە سیاسییە گرینگەکانی کورد لە بەشەکانی دیکەی کوردستان کرد. بەڕێزیان بە ئاماژە بە سیاسەتی دروست و دەروەستانەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە پێوەندی لەگەڵ پشتیوانی لە جووڵانەوەی کوردی بەشەکانی دیکەی کوردستان بە پێداگری لەسەر ئەسڵی دەستوەرنەدان لە کاروباری نێوخۆیی ئەم بەشانە، تیشکی خستەسەر ئەوە کە بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پاشکۆی بڕیار و قەراری وڵاتانی داگیرکەری کوردستان و هیچ هێزێکی ناوچەیی نییە و بە پشتبەستن بە توانا و ئیرادەی خۆی و خوێندنەوەی دروست لە هەلومەرجەکان، لە سیاسەتکردن‌دا سەربەخۆ و خاوەن بڕیاری خۆیەتی. هەیئەتی میوان لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا گرینگترین باسەکانی ڕۆژەڤی سووریە و ڕۆژاوای کوردستانیان لەگەڵ هەیئەتی خانەخوێ هێنایە بەرباس کە پرسی نووسینەوەی دەستووری نوێی ئەم وڵاتە و پێگەی کورد لە داهاتووی سووریەدا گرینگترین تەوەری ئەم باسە بوو. هەیئەتی پارتی شەپێلی پێشڤەرۆی کوردی سووریە نەیشاردەوە کە لە ئێستادا بڕیارە چارەنووسسازەکانی سووریە لە دەست خەڵک و گەلانی ئەم وڵاتەدا نین، بەڵکوو لە دەست هێز و وڵاتانێکی وەک ڕووسیە، ئەمریکا، عەڕەبستان، ئێران و تورکیە دان کە لەو وڵاتە بەڵالێدراوەدا شەڕی بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەکەن. هەیئەتی میوان لەو بەشەدا بە پێداگری لە سەر ڕۆڵی تێکدەرانە و قەیرانخوڵقێنیی ئێران، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بە هۆکاری سەرەکیی نائەمنییەکان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ناو برد. لە بەشێکی دیکەی ئەم دیدارەدا کاک مستەفا مەولوودی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان وێڕای ئاماژە بە خەبات و دەسکەوتەکانی کورد لە ڕۆژاوای کوردستان و هەروەها ئەم پرس و بابەتانەی ڕۆژەڤی سیاسی لەو بەشەی نیشتمانن، پێی لەسەر ئەوە داگرت لە قۆناغی هەستیاری ئێستای سووریەدا کە قۆناغی دروستکردنەوە و بنیاتنانەوەی ئەم وڵاتەیە؛ تەنیا یەکڕیزی و یەکیەتیی بەکردەوەی هەموو هێزە سیاسییەکانی کوردە کە دەتوانێ زامنی دابینبوونی داهاتوویەکی ڕوون و دڵخۆشکەر بۆ کوردستانی ڕۆژاوا بێ. کاک مستەفا مەولوودی لەو بەشە لە قسەکانیدا ڕایگەیاند ئێمە دەزانین کوردەکان لە ڕۆژئاوای کوردستان بە ئازایەتیی ڕۆڵە گیان لەسەر دەستەکانیان بەبەراورد لەگەڵ رابردوو و لە سۆنگەی تێچووی زۆری گیانی و ماڵی دەستکەوتی باشی سیاسی و نیزامی و خۆبەرێوەبەرییان دەستەبەر کردوە. بەڵام قۆناغی ئێستا چارەنووسازە و بۆ دەوام و پاراستنی دەسکەوتەکان و هەروەها درێژەی پڕۆسەی سیاسیی کورد لە سووریە، پێویستە هەموو هێز و لایەنەکان تەبا و یەکڕیز بن. بارودۆخی ئێران و کوردستان لە دوای شەپۆلی نوێی گوشارەکانی ئەمریکا بۆ سەر ڕێژیم، پرسی هاوپەیمانییە نوێیەکان لە دژی کۆماری ئیسلامی و پێگەی کورد لە ئۆپۆزیسیونی دژبەری کۆماری ئیسلامی و چەندی‌وچۆنیی پێوەندیی حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان چەند تەوەرێکی دیکەی باس و ڕوونکردنەوەکانی هەیئەتی خانەخوێ بۆ هەیئەتی میوان بوون.