کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپێشاندانەکانی عێراق بەردەوامن

18:03 - 13 رەزبەر 2719

چەند ڕۆژێکە خەڵکی ناڕازیی عێراق دژ بە گەندەڵی و بێکاری و نەبوونی ڕژاونەتە سەرشەقامەکان و لەگەڵ ئەوەی کە سەدان کەس بریندار و دەسبەسەر کراون، تا ئێستا ٦٥ کەسیش بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکان گیانیان لەدەستداوە. حەوتووی ڕابردوو خەڵکی ناڕازی شاری بەغدای پێتەختی عێراق، بۆ دەستەبەر کردنی مافەکانیان و دژ بە گەندەڵی و بێکاری خۆپێشاندانێکی هێمنانەیان وەڕێخست و لە ئاکامدا توندوتیژی لێکەوتەوە. خۆپێشاندان و ناڕازایەتییەکان هەر زوو شارەکانی دیکەی عێراقیشی گرتەوە و لە چەند شارێکی شیعەنشینی باشووری عێراقیش خەڵک هاتنە سەر شەقامەکان و دژ بە گەندەڵی دروشمیان بەرز کردەوە. لەو خۆپێشاندان و ناڕەزایەتیانەدا تا ئێستا ڕادەی کوژراوان گەیشتۆتە ٦٥ کەس و سەدان کەسیش بریندار بوون و خەڵكێکی زۆریش دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەکان کراون. لەگەڵ ئەوەی کە خۆپێشاندەران دژ بە گەندەڵی و بێکاری و ناعەداڵەتی ڕاپەڕیون، بەڵام دژایەتی دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران یەکێک لە دروشمی خۆپێشاندەرانە و تا ئێستا لە چەند شوێنێک ئاڵای کۆماری ئیسلامی سوتێنراوە. خۆپێشاندەران دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران دروشمیان دا و داوایان کرد کە دەبێ ئێران لە وڵاتەکەیان بچێتە دەرەوە. کۆماری ئیسلامیی ئێران کە دەمێکە دەیهەوێ هێژموونی خۆی بەسەر عێراقدا بسەپێنێ و سامانی خەڵکی ئێرانی بۆ قایم کردنی جێگە و پێگەی خۆی لەو وڵاتەدا بەکار هێناوە. لەگەڵ ئەوەی کە سوننەی عێراق هەمیشە دژی دەستێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامی لەو وڵاتە ناڕەزایەتیان دەربڕیوە، بەڵام خۆپێشاندانەکانی ئەمجارە جیاوازن و ئەمجار ئەو شێعانە دژ بە کۆماری ئیسلامی دروشم دەدەن و ئاڵاکەی دەسووتێنن کە ڕێژیم هیوایەکی زۆری لەسەر هەڵچنیبوون. کۆماری ئیسلامی هەوڵێکی زۆریدا کە خەڵکی عێراق بە گژ هێزەکانی ئەمریکادا بکا، بەڵام بە پێچەوانەی هیوا و ویستی ئاخوندەکان کە دەیانەویست لە ڕێگەی دین و مەزهەب خەڵک دژ بە هێزەکانی ئەمریکا هانبدەن، خەڵکی بێزار لە سیاسەتی هێژموونیخوازی و کردەوە تێرۆریستیەکانی کۆماری ئیسلامی بێزارە و هەر بۆیە نایانهەوێ چیدی لە وڵاتەکەیان تەڕاتێن بکا و بۆ گەیشتن بە ئامانجە چەپەڵەکانی، خەڵکی ئەو وڵاتە بەگژ یەکدا بکا.