کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

باڵوێزی کۆماری ئیسلامی بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیە کرا

18:41 - 13 رەزبەر 2719

دەسبەسەرکردنی هاوڵاتیانی دەرەکی لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە بۆتە دیاردە و هەوڵێکی گشتگیری هەموو داموودەزگاکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و، بۆ ئازادکردنیشیان داوای پارە لە وڵاتەکەیان دەکرێ. لە تازەترین دەسبەسەرکردندا هاوڵاتییەکی ڕووس بە ناوی"یوولیا یووزیک" لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمەوە بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسراییل دەسبەسەرکراوە کە لەو پێوەندییەدا وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیە باڵوێزی کۆماری ئیسلامی بانگهێشت کردووە و هۆشداریان پێداوە سەبارەت بەو هاوڵاتییە و داوایان لێکردووە دەسبەجێ ئازادی بکەن. ڕۆژێک پاش ئازادکردنی هاوڵاتی" بریتانیایی – ئوسترالیایی"و هاوڕێ ئوسترالیاکەی کە لە سەفەرێکدا بۆ ئێران دەسبەسەرکرابوون هەواڵی دەسبەسەرکردنی ڕۆژنامەوانێکی ژنی ڕووسی بڵاوکرایەوە. ئەمە لە حاڵێکدایە کە ڕۆژی پێنجشەممە وەزارەتی دەرەوەی فەرانسە هۆشداری دایە کۆماری ئیسلامی لە هەمبەر بارودۆخی "فەریبا عادلخا" کە لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیدایە. هەروەها چەند ڕۆژ پێشتر کەسێک بە ناوی "ئەکبەر لەکستانی" لە ئەندامانی پێشووی ئەنجومەنی شاری شووت لە سنووری تورکیە لە لایەن هێزەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دەسبەسەرکرا. شایانی باسە کە دوابەدوای هۆشداری ڕووسیە بە کۆماری ئیسلامی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رێژیم وتی: بەمزوانە ڕۆژنامەوانە ڕووسییەکە ئازاد دەکرێ. لە لایەکی دیکەوە دوو فدراسیونی ئورووپایی و نێونەتەوەیی ڕۆژنامەوانان ڕۆژی هەینی ڕابردوو داوایان لە کۆماری ئیسلامی کردووە دەسبەجێ "یوولیا یووزیک ئازاد بکرێ.