کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیەندراوی ئەنجومەنی سینفی مامۆستایان

18:49 - 13 رەزبەر 2719

ڕۆژی ١٣ی ڕەزبەر ڕۆژی جیهانیی مامۆستایە کە بەم بۆنەوە ئەنجومەنی مامۆستایانی ئێران راگەیەندراوێکی دەرکرد و تێیدا بارودۆخی مامۆستایان، قوتابیان و خوێندکاران، کێشەو گرفتەکانی بەردەم پەروەردەو بارهێنانی لە ئێرانی بندەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا شیکردۆتەوە. لە بەشێکی ئەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە کە بە گشتی بارودۆخێکی یەگجارناخۆش و هەستیار بە سەر مامۆستایانی ئێراندا زاڵە و کەشێکی تەواو ئەمنییەتی و مەزهەبی و بیرکردنەوەی تەسکی تاکە کەسی وقیزەون باڵی بەسەر هەموو جومگەکانی پەروەردەو بارهێنانی وڵاتدا کێشاوە . سیاسەتی هەڵەی وەزارەتی پەروەردەو بارهێنان و هەڵاواردنی بەرچاو و ئەزیەت و ئازاری مامۆستایان و لەوانە گرتن و بەند کردنی ١٣ مامۆستای کورد لە ماوەی ساڵێکدا و پێڕانەگەیشتنی قوتابیان و قوتابخانەکان و هەروەها بارودۆخی شپرزە و نازانستی زۆربەی کتێبە دەرسییەکان و بواری شپرزی ئابووری وایکردوە تا بە گشتی پێگەیاندن و خوێندن و وانە وتنەوە تووشی کارەساتێکی گەورە ببێتەوە. هەر لەو پەیوەندییەدا هەر دەنگێکی پێچەوانە یان ناڕازی سەرکوت دەکرێ ولە ناخەوە دەخنکێندرێ، بۆ نموونە دەنگی ئەو مامۆستایانەی کە بە ئاشتیخوازانەترین شێواز بۆ گەیشتن بە مافی خۆیان و قوتابییەکانیان لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامییەوە سەردەردێنن تا بگاتە "زارا"ی کوردی مامۆستای وانەی کوردی کە تەنیا بە هۆی وانە وتنەوەی کوردی و بەرگری لە زمانی زگماکی دەبێتە بڤە بۆ دەسەڵاتی زەبەلاح و تاسەر ئێسقان توتالیتێر وهێڵە سوورەکانی کۆماری ئیسلامی دەکەونە لەرزەوە، کە ئەمانە نموونەیەکن لە خەروار. تەنانەت ئەگەر سەرەنجێک لە پێوەرە نێونەتەوەییەکانی خوێندن و فێربوونی زانست لە وڵاتانی دیکە بە تایبەت وڵاتە پێشکەوتووەکان بدەین ناتەبایی و جیاوازیەکی زۆر دەبینین، واتە ئەوەی لە قوتابخانەکانی ئێراندا دەرخواردی قوتابیان و خوێندکاران دەدرێ نەک هەر زانست نییە بەڵکوو بیرێکی تەسکی شوێنیستی و مەزهەبییە کە دەکرێتە مێشکی خەڵکەوە و ئاکامەکەشی دەرچووانی زانکۆ جۆراوجۆرەکانی بێبنەما و بازاڕیی لێدەکەوێتەوە کە هەرکام و لە بەشی خۆیاندا دەبنە هۆی ناکارامەیی و شپرزەییەکی تەواو لە فێربوونی زانستدا کە بە قوتابیان و خوێندکاران و تەنانەت مامۆستایانیشەوە دیارە. لە کۆتایی ئەو ڕاگەیاندراوەدا هاتووە دەسبەجێ دەبێ ئەو مامۆستایانەی لە بەندیخانەکاندان بە زووترین کات ئازاد بکرێن و ڕێز لە شکۆی مامۆستا بگیرێ، چوونکە هیچ وڵاتێک بە بێ پەروەردە و بارهێنانێکی سەربەخۆ و زانستیانە ڕەنگی پێشکەوتنی بە خۆیەوە نابینێ.