کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەحمەد جبووری: ئێران بەرپرسی کوشتنی خۆپێشاندەرانە

14:20 - 14 رەزبەر 2719

ئەحمەد جبووری ئەندامی پارلمانی عێراق بە ماڵپەڕی "سکای نیوز"ی عەڕەبی ڕاگەیاند کە قاسم سولێمانی بەرپرسی کوشتنی خۆپێشاندەرانی عێراقە. ماوەی چەند ڕۆژێکە خەڵکی ناڕازی لە دۆخی خراپی ژیان، هاتوونەتە سەر شەقامەکانی عێراق و خۆپێشاندانیان وەڕێخستوە. سەرەتای خۆپێشاندانەکان بە ئارامی دەستی پێکرد بەڵام چەکدارەکانی حەشدی شەعبی بۆ کۆتایی هێنان بەو خۆپێشاندانانە تەقەیان لە خەڵک کرد و چەند کەس لە خۆپێشاندەران کوژران و بریندار بوون. کوشتن و بریندار کردنی خۆپێشاندەران لە لایەن حەشدی شەعبییەوە کە لە کۆماری ئیسلامیی ئێران نزیکە، بوو بەهۆی تووڕەیی خەڵک و لە ماوەی دوو ڕۆژدا چەند شارێکی شیعەنشینی باشووری عێراقی گرتەوە و خۆپێشاندەران ئاڵای کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان ئاگر تیبەردا و دروشمیان دژی ئەو ڕێژیمە بەرز کردەوە. هەر بەپێی قسەی خۆپێشاندەران، چەکدارەکانی سەر بە سپای پاسداران لە نێو ڕیزەکانی حەشدی شەعبی دا تەقەیان لە خۆپێشاندەران کردووە. دەنگدانەوە و بڵاو بوونەوەی ئەو هەواڵ و کورتە ڤیدیۆیانە بوو بەهۆی ناڕەزایەتی زیاتری خەڵکی عێراق و دروشمەکان دژ بە کۆماری ئیسلامی زیاتر بەرزکرانەوە و خۆپێشاندەران داوایان کرد کە ئێران لە عێراق بچێتە دەرەوە. ئێستا کار گەیشتۆتە جێگەیەک کە ئەندام پارلمانێکی عێراق بە ئاشکرا قاسم سولێمانی و ڕێژیمەکەی بە قاتڵی خەڵکی وڵاتەکەی ناو دەبا. لەگەڵ ئەوەی کە دەستێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامی لە کاروباری نێوخۆی وڵاتان و بەتایبەت عێراق لە کەس شاراوە نییە، بەڵام کۆماری ئیسلامی هەر وەک هەمیشە بەوپەڕی ڕووهەڵماڵاوییەوە ئەمریکا و ئیسڕائیل بە دەستیوەردان لەو خۆپێشاندانانە تۆمەتبار دەکا. لەگەڵ ئەوەی کە ناڕازیان بە ئاشکرا ئاڵاکەی ئەو ڕێژیمە دەسووتێنن و داوا دەکەن کە واز لە وڵاتەکەیان بێنێ، بەڵام یەکێک لە کاربەدەستانی ڕێژیم داوا لە خۆپێشاندەرانی عێراق دەکا کە باڵوێزخانەی ئەمریکا لە عێراق وەدەربنێن. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ ئەوەی کە سامانێکی زۆری خەڵکی ئێرانی بەفیڕۆدا هەتا بتوانێ جێ پێی خۆی لە عێراق قایم بکا، بەڵام دوای ئەو هەموو هەوڵ و ماندووبوونە ئێستا کەوتۆتە بەر هێرشی خەڵکی ناڕازی و وەزاڵەهاتووی عێراق و ڕۆژێک کۆنسولگەری و ڕۆژێکی تر ئاڵاکەی ئاگر تێبەر دەدەن و ناڕەزایەتی خۆیان لە دەستێوەردانەکانی ئەو ڕێژیمە دەردەبڕن.