کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەگەری لە سێدارەدانی ٣٠ چالاکی ئەهوازی

14:24 - 14 رەزبەر 2719

بە پێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئەهواز ٣٠ چالاکی دەسبەسەرکراوی خوزستانی لەژێر پەتی سێدارەدان و هەر ئەمەش نیگەرانی ناوەندەکانی مافی مرۆڤی لێکەوتووتەوە. پاش ڕووداوی ٣١ی پووشپەڕی ٩٧ی هەتاوی کە هێرشی چەکداری کرایە سەر ڕێوڕەسمێکی نیزامی و نمایشی سەربازیی لە شاری ئەهواز، ناوەندە ئەمنییەکان لە پارێزگای خووزستان دەستیان دایە ڕەشبگیری و بە گوتەی توێژەرانی مافی مرۆڤ، نیزیک بە ٨٠٠ چالاکی مەدەنی لە پارێزگای خوزستان و شاری ئەهواز دەسبەسەرکراون، کە لەو ٨٠٠ کەسە ٣٠کەسیان سزای ئێعدامیان بۆ بڕاوەتەوە. بە گوتەی ساڵح حەمید ئەندامی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئەهواز، زیاتر لە ٨٠٠ هاونیشتمانیی ئەهوازی دەسبەسەرکراون و تا ئێستا ناوەندە ئەمنییەکان ئامارێکی ڕاست و دروستیان بڵاونەکردوتەوە، هەربۆیە تەنیا ناو و شوناسی ٢٥٠ کەس لە دەسبەسەرکراوەکان لە بەردەست دایەو چارەنووسی ئەوانی دیکە ناڕوونە. هێرشی چەکداری بۆسەر نمایشی سەربازیی لە شاری ئەهواز کە پاش ١٥ خولەک تەقەکردن بوو بەهۆی کوژرانی ٢٥ کەس و زیاتر لە ٦٠ کەسیش بریندار بوون. پاش تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر ئەو ڕووداوە هێشتا لایەنە شاراوەکانی ئەو هێرشە چەکدارییە ڕوون نەبووتەوە، ئەگەرچی سەرەتا بزووتنەوەی عەرەبی ئازادیخوازی "ئەلئەحواز" بەرپرسایەتی ئەو هێرشەی لە ئەستۆ گرت، بەڵام دواتریش تۆمارێکی دەنگی بە ناوی داعش لەو پێوەندییەدا بڵاوکرایەوە. لە نێو بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی باس لە کەمتەرخەمییەکان دەکرێ و هەر لەو پێوەندییە‌دا هێندێک کاربەدەستی نیزامی و ئەمنیش دەسبەسەرکراون. بە گوتەی حشمەتوڵڵا فەلاحەت پیشە بەرپرسی کۆمیسیۆنی ئەمنیەتی میللی و سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی لە مەجلیس، ڕووداوەکەی ٣١ی پووشپەڕی شاری ئەهواز بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ کەمتەرخەمیی بەڕێوەبەران و کاربەدەستانی حکوومەت. جێی‌وەبیرهێنانەوەیە کە چەند مانگ پاش ئەو رووداوە چەند کەسی دەسبەسەرکراو لە زیندان لە سێدارە دران و چالاکانی مافی مرۆڤ نیگەرانن کە کۆماری ئیسلامی زۆرێک لە دەسبەسەرکراوان بە بێ دادگایی و ڕەوتی موحاکمە کردن، لەسێدارە بدا.