کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاگرتێبەردانی لێڕەوارەکانی کوردستان بەردەوامە

15:53 - 15 رەزبەر 2719

لە درێژەی ئاگرتێبەردانی ژینگەی کوردستاندا ڕۆژی هەینی ١٢ی ڕەزبەری ٩٨ی هەتاوی لێڕەوارەکانی "ئاژوان" لە پارێزگای کرماشان ئاگری تێبەربوو. بە پێی هەواڵی هەواڵدەرییە خۆجێییەکان ڕۆژی هەینی ١٢ی ڕەزبەر بەشێکی بەرچاو لە لێڕەوار و دارستانەکانی ناوچەی ئاژوان لە پارێزگای کرماشان ئاگری تێبەربووو و وێڕای هەوڵی بە پەلەو بەردەوامی خەڵکی ناوچەکە بەشێکی زۆری ئەودارستانە لە ئاگردا سووتا. شایانی باسە کە خەڵکی ناوچەکە وێڕای چەندین جار ئاگادارکردنەوەی ناوەندە حکوومەتییەکان بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە، کەس بە هانایانەوە نەچوو و بۆیە خەڵک بە هێز و ئیرادەی خۆیان ئاگرەکەیان کوژاندەوە. جێی ئاماژەیە کە ساڵانێکە بەردەوام کۆماری ئیسلامی و سپای پاسداران بەردەوام ژینگەی کوردستانیان کردۆتە ئامانج و هەر لە ئیلامەوە تاکوو ماکۆ خەریکی ئاگرتێبەردانی ژینگەی کوردستانن، هەرچەند بەشێکی زۆر لە ژینگەی وڵاتەکەمان ئاگری تێبەردراوە و دەدرێ بەڵام خەڵکی نیشتماندۆست و ژینگە دۆستی کوردستان سەلماندوویانە کە بە پێشکەشکردنی گیانی خۆشیان بێ، پارێزگاری لە خاکی کوردستان دەکەن کە نموونەی هەرە بەرجاویان شەریف باجوەر و ئومێدی هاوڕێی بوو.