کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەر کرانی ١٤ کرێکاری حەفتەپە

15:56 - 15 رەزبەر 2719

سەندیکای کرێکارانی" نەیشەکەری حەفتەپە" ڕایگەیاند کە ١٤ کەس لە کرێکارانی ئەو شیرکەتە لە لایەن پۆلیس و هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کراون. بەپێی ڕاگەیەندراوی سەندیکای کرێکارانی "حەفتەپە" ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ١٤ی ڕەزبەری ١٣٩٨ی هەتاوی، سێ کەس لە کرێکارانی نەیشەکەری حەفتەپە، لە لایەن پۆلیس شارستانی شووش دەسبەسەر کراون و هاوکات ١١کەس لەو کرێکارانەی کە بۆ بە دوادوچوونی کارەکانیان بەرەو تاران دەچوون بۆ ئەوەی سەردانی نوێنەرانی کۆمیسیۆنی کۆمەڵایەتی مەجلیسی شورای ئیسلامی بکەن، لە ڕێگادا لە لایەن هێزەکانی ئینتزامی دەسبەسەر کراون و تا ئێستا هۆی دەسبەسەر کردنیان ناڕوونە. سەندیکای کرێکارانی " نەیشەکەری حەفتەپە " دەڵێ دەسبەسەر کرانی کرێکاران کاری نەشیاو و دژی کرێکارییە، و داوای ئازادی بەبێ مەرجی تەواوی کرێکارانی دەسبەسەر کراو دەکا و دەڵێ دەبێ ئەو کرێکارانەی کە لە سەر کار لابراون بگەڕێندرێنەوە بۆ سەر کارەکانیان. ئەوە لە حاڵێکدایە کە حەوتووی ڕابردوو لانیکەم چل کەس لە کرێکارانی ئەو شیرکەتە لە لایەن پۆلیسی شاری شووشەوە بانگرکرابوون. دەسبەسەرکرانی یەک لە دوای یەکی کرێکاران لە کاتێکدایە کە ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو چەند کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە لایەن کرێکاران بە بۆنەی لە سەر کار لابردنی هاوکارەکانیان بەڕێوەچوو و مانیان گرتبوو.