کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چین ڕێکەوتنی نەوتی پارسی باشووری لە گەڵ کۆماری ئیسلامی هەڵوەشاندەوە

16:23 - 15 رەزبەر 2719

بیژەن زەنگەنە،وەزیری نەوتی کۆماری ئیسلامی، ڕۆژی یەکشەممە ١٤ی ڕەزبەری٩٨ی هەتاوی وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە ڕایگەیاند کە کۆمپانیای "سی ئێن بی سی ئای" چینی لە ڕێککەوتنی "گەڵاڵەی گەشەپێدانی فازی ١١" ی مەیدانی نەوتی پارسی باشوور دەرکراوە و شیرکەتێکی ئێرانی جێگاکەی گرتۆتەوە. بە پێی هەواڵی هەواڵدەریی فارس، بیژەن زەنگەنە وەزیری نەوتی کۆماری ئیسلامی لە پەراوێزی سەردانەکەی لە کۆمەڵگەی پیشەیی "مەپنا"لە ناوچەی فەردیس لە پارێزگای ئەلبۆرز سەبارەت بە مەیدانی گازیی پارسی باشوور وتی:شیرکەتی پێترۆپارس هەموو ڕێککەوتنەکەی لە ئەستۆ گرتووە. پێدەچێ کۆمپانیای ناوبراوی چینی بە هۆی سزای قورسی گەمارۆکانی ئەمریکاوە ناچار بووبێ کە لە ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی کشابێتەوە. ئەمە لە حاڵێکدایە کە کۆماری ئیسلامی بۆ دەرچوون لە ژێر گوشارەکانی ئەمریکاو بۆ پەرەپێدانی سیاسەتەکانی خۆی لە جیهاندا پشتی بە چین و ڕووسیە بەستووە و سەروەت و سامانی وڵاتی ئێرانی بە شێوەیەکی بەرچاو هەرزانفرۆش کردووە بەو دوو وڵاتە و، لە ئاست دەسدرێژییەکانیشیاندا بۆ سەر خاک و بەرژەوەندی خەڵکی ئێران بێدەنگی هەڵبژاردووە کە نموونەی کوشتنی ماسیگرە ئێرانییەکان لە ئاوەکانی کەنداودا و خستنە باوەشی دەریای خەزەر بە ڕووسیە، بەڵام پێدەچێ وڵاتی چین ناچاربێ لە زۆربەی بوارەکاندا بەتایبەتی بواری ئابووری پشتی کۆماری ئیسلامی بەردا و بەرژەوەندییە ئابووری و بازگانییەکانی لەگەڵ ئەمریکا بپارێزێ.