کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

به‌ڕێوه‌چوونی کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندی

13:15 - 16 رەزبەر 2719

کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان ڕۆژی دووشەممە، ١٥ی ڕەزبەری ١٣٩٨ی هەتاوی (٧ی ئۆکتۆبری ٢٠١٩) له کۆبوونه‌وه‌ی خۆیدا کۆمەڵێک باس و بابه‌تی پێوه‌ندیدار به کار و تێکۆشانی حیزبی تاوتوێ کرد. لە سه‌ره‌تای ئه‌م کۆبوونەوەیەدا کە بە بەشداریی ئەندامانی ئه‌سڵی و جێگر و ڕاوێژکارانی کۆمیتەی ناوەندیی حیزب لە کوردستان و دەرەوەی وڵات بەڕێوەچوو، دوای ڕاگرتنی ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان و په‌سندکردنی ده‌ستووری کاری کۆبوونه‌وه‌که، بەڕێز مستەفا مەولوودی، سکرتێری گشتیی حیزب مه‌به‌ست له کۆبوونه‌وه‌که‌ی خسته‌ڕوو. بەڕێزیان بە ئاماژە بە کار و تێکۆشانی حیزب لەو ماوەیەدا، لەسەر درێژه‌دان به خه‌بات و تێکۆشان بە گوڕ و تینی هه‌رچی زیاتر و به پشتبه‌ستن به سه‌رجه‌م زه‌رفیه‌ته سیاسی و خه‌باتگێڕییه‌کانی حیزب و کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان، جه‌ختی کرده‌وه. له بڕگه‌یه‌کی کارەکانی کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبدا گەڵاڵەیەکی تایبەت بە چۆنیەتیی مودیرییەتی حیزب و شێوازی هەڵبژاردنی ڕێبەریی داهاتووی حیزب هاتە بەر باس. لەم پێوەندییەدا بەشدارانی کۆبوونەوە له‌سه‌ر بنه‌مای گه‌ڵاڵه‌یه‌کی پێشتر ئاماده‌کراو و بە دەرککردن بە زه‌رووره‌ته خه‌باتگێڕییه‌کانی دۆخی سیاسیی هه‌ستیاری ئێران و کوردستان، له‌باره‌ی رێکاره‌کانی پێداچوونەوە به سیستمی به‌ڕێوه‌بردنی کاروباری حیزب و هەڵبژاردنی ڕێبەرییەکی وڵامدەر ڕاوێژ و گفتگۆیان کرد و گه‌ڵاڵه‌که‌یان به تێبینی و راسپارده‌کانی خۆیان ده‌‌سکاری و ده‌وڵه‌مه‌ند کرد و تێگەیشتنی هاوبەش لەسەر ئەم گەڵاڵەیە بە پەسندی کۆمیتەی ناوەندی گەیشت. لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەی ڕێبەریی حیزبدا "گەڵاڵەی بڕیارنامە و ڕاسپاردەکان" خرایە بەر باس و تاوتوێ کردن. لەم گەڵاڵەیەدا به‌پشتبه‌ستن به میراتی مێژوویی حیزبی دێموکڕات و زه‌رفییه‌ته‌کانی ئه‌مڕۆی سیاسه‌ت و خه‌باتی حیزب، له کۆمه‌ڵێک ته‌وه‌ری پێوه‌ندیدار به پرسه سیاسییه‌کانی جیهان و ئێران و کوردستان؛ گوتاری سیاسیی حیزب؛ حیزب و کۆمه‌ڵگە؛ جۆری مامه‌ڵه‌ و پێوه‌ندیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌کانی دیکه له کوردستان و ئێران و جیهان، و هێندێک بابه‌تی ته‌‌شکیلاتی و ڕێكخراوه‌یی، پره‌نیسپ و ڕێکاری پێویست خرابوونه ڕوو. له‌و به‌شه‌شدا ڕێبه‌ریی حیزب به سەرنجدان بە قۆناغی نوێی خەبات و ئەرکەکانی حیزب له داهاتوودا، یارمه‌تیی به باشتر کردن و ده‌وڵه‌مه‌ندکردنی بڕیارنامه‌که کرد. کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندیی حیزب پاش تاوتوێی ئەم مژار و بابەتانە و ئاڵوگۆڕی بیروڕا لەسەر چەند بابەتێکی تەشکیلاتی، کۆمەڵە ئەرکێکی پێوەندیدار بەو باسانەی خستە سەر شانی دەفتەری سیاسی و کۆتایی بە کارەکانی هێنا.