کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاردانەوەکان لەهەمبەر هێرشی تورکیە بۆ سەر ڕۆژاوای کوردستان

14:23 - 16 رەزبەر 2719

دوای ئەوەی کە دەوڵەتی ئەمریکا بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی لە ڕۆژاوای کوردستان ڕاگەیاند، حکوومەتی تورکیە بڕیاریدا کە هێرش بکاتە سەر هێزە کوردییەکان و هەموو ئامادەکارییەک بۆ ئەم هێرشە کراوە. ڕۆژی یەکشەممە ١٤ی ڕەزبەری ١٣٩٨ی هەتاوی، دۆناڵد تڕامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا و ڕەجەب تەییب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا پێوەندییەکی تەلەفۆنیان ئەنجامدا و ئەوەی کە بە ئاشکرا لە مێدیاکان ڕاگەیەندراوە، باس لە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا دەکا لە ڕۆژاوای کوردستان. هەروەها هەردوو سەرۆک کۆمار باسیان لە هێرشی ئەرتەشی تورکیە کردووە بۆ سەر ڕۆژاوای کوردستان و تڕامپ بە ئەردۆغانی راگەیاندوە کە لە کاتی هێرشی تورکیە بۆ سەر هێزە کوردییەکان هیچ ڕۆڵێکی نابێ. هەر لە دوای بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، چەند کاربەدەست و کەسایەتی ئەمریکایی ڕەخنەیان لە تڕامپ گرت و نیگەرانی خۆیان لەم بڕیارەی ناوبراو ڕاگەیاند. هێلاری کلینتۆن وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمریکا لە تویتێکدا ڕوو بەو بڕیارەی تڕامپ، نووسی: بڕیارەکەی تڕامپ خیانەتێکی قێزەونە لە کورد و سوێندە یاساییەکەی. دوای ئەم کاردانەوانە، تڕامپ بۆ جارێکی تر قسەکەی گۆڕی و ڕایگەیاند کە ئەگەر تورکیە هێرش بکاتە سەر ڕۆژاوای کوردستان، ئەوە ئابووری تورکیە تێکدەڕمێنێ. هەر لەم پێوەندییەدا ڕێکخراوی گشتیی نەتەوە یەکگرتوەکان، یەکیەتیی ئورووپا، فەڕانسە، ئاڵمان و ڕووسیە لەوبارەوە نیگەرانی خۆیان لە هێرشەکەی تورکیا بۆ سەر ڕۆژاوای کوردستان دەربڕی. جێی ئاماژەیە کە چەند مانگ لەوەپێش جارێکی تر تڕامپ بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی لەو ناوچەیەدا بەڵام بەهۆی هەڵوێست و نیگەرانی کاربەدەستانی ئەمریکایی، ئەو کات بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ڕاگرت. دەوڵەتی تورکیە ساڵی ٢٠١٨ هێرشی کردە سەر شاری عەفرین لە ڕۆژاوی کوردستان و دوای شەڕێکی قورس و نابەرانبەر ئەو شارەی داگیر کرد و دەوڵەتانیش هیچ هەڵوێستێکی ئەوتۆیان نەبوو کە تورکیە لەو هێرشە پاشگەز بکەنەوە. ئەوەی ئێستاس دەیبینین دووپاتبوونەوەی هەمان سێناریۆیە و دەوڵەتان زۆرتر سەیری یارییەکە دەکەن تا ئەوەی کە پێش لە لەشکرکێشی تورکەکان بۆ سەر ناوچەکە بگرن. کورد لە ڕۆژاوای کوردستان لە نێوهاوپەیمانی شەر لە دژی داعشدا بوو و لە ماوەی ئەو چەند ساڵەدا توانی سەرکەوتنی گەورە تۆمار بکات و ڕۆژاوای کوردستان لە دەستی دەوڵەتی داعش نەجات بدا. لە کاتی شەڕدا هەر دوو زلهێزی جیهان واتە ئەمریکا و ڕووسیە هاوپەیمانی کورد بوون بەڵام هەردوو زلهێز وەک سیاسەتی هەمیشەییان پشتی کوردیان بەردا و بەتەنیا لە مەیدانی شەڕدا جێیانهێشت.