کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی کوشتن و بریندار بوونی کۆڵبەرانی کورد

15:49 - 16 رەزبەر 2719

دوو کۆڵبەری کورد لە سنوورەکانی سەردەشت بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی کوژران و بریندار بوون. بەپێی هەواڵی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ١٦ی ڕەزبەری ٩٨ی هەتاوی، هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پایەگای گوندی"سوورگوێز"ی سەردەشت، تەقەیان لە پۆلێک لە کۆڵبەران و کاسبکارانی کورد کرد و لە ئاکامی تەقەی ئەو هێزانە کۆڵبەرێک بە ناوی " ئازاد" خەڵکی گوندی" میرشێخ حەیدەر" گیانی لە دەستدا و دوو کەسی دیکەش بە توندی بریندار بوون. جێگەی وەبیرهێنانەوەیە کە کۆڵبەری لە سەر سنوورەکانی کوردستان کارێکی پڕ لە مەترسی و سەختە و بەشێک لە خەڵکی کوردستان و دانیشتوانی ناوچە سنووریەکان لە بەر بێکاری و بێدەرەتانی ڕوو دەکەنە پیشەی پڕ لە مەترسیی کۆڵبەری و لەو ڕێگایەشدا ساڵانە بە سەدان کەس لە لایەن هێزەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە دەکەونە بەر دەسڕێژ و بریندار و نقوستان دەبن یان گیان لە دەست دەدەن.