کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هۆگری بەرچاوی لاوانی ئێران بە ماددە سڕکەرەکانەوە

16:07 - 16 رەزبەر 2719

بەڕێوەبەری ڕێکخراوی کۆنترۆڵی ماددە سڕکەرەکانی وەزارەتی تەندرووستیی ئێران، سەبارەت بە ڕادەی بەکارهێنانی ماددە سڕکەرەکان و بەتایبەت جگەرە ڕایگەیاند کە لە سەتا ١٤ی لاوانی ئێران ماددەی سڕکەر و جگەرە بەکار دێنن. دیاردەی خووگری و وەدەستهێنانی مادە هۆشبەرەکان و جگەرە لە ئێران و گەورەبوونەوەی کێشەکانی ڕۆژانە لەلای گەنجان و لاوانی ئێران، نەبوونی دەرفەت و ئیمکاناتی خوێندن، بێکاری و بێهیوایی لە ژیان وایکردووە کە ڕادەیەکی بەرچاو ڕوو بکەنە ماددەی هۆشبەر و لە کەمترین حاڵەتدا ڕوو بکەنە جگەرە کێشان و لەو ڕێگەیەوە خۆیان تووشی کێشەی جۆراوجۆر بکەن. ناوەندی تەندرووستیی ئێرانیش لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە سەتا ١٤ی گەنجانی ئێران تووشی جگەرە بوونە و لەو ڕادەیە، لە سەتا ٤ی ئەو کەسانە ژنان و کچانن. جگەرە کێشان و هۆگری گەنجان بە جگەر و ماددە هۆشبەرەکانەوە دەتوانێ ببێتە کارەساتێکی گەورە لە ئێران، لە تێکچوونی باری دەروونیی تاکە کەسییەوە بگرە تاکوو ئاڵۆز بوونی دۆخی کۆمەڵگە و زۆر لە گەنجانی ئەم وڵاتە تووشی کێشەی جۆراوجۆر دەکا.