کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گیان‌لەدەستدانی ٧٥٠٠ کەس بە هۆی ڕووداوی هاتوچۆ

19:50 - 16 رەزبەر 2719

لە ئێران لە ماوەی نیزیک بە ٥ مانگدا ٧٥٠٠ کەس بە هۆی ڕووداوی هاتوچۆ گیانیان لەدەستداوە. بە پێی ڕاپۆڕتی ڕۆژنامەی میزان : تەنیا لە ٥ مانگی ئەمساڵدا ٧٥٠٠ کەس لە جادە و ڕێگە و بانەکانی ئێران بە هۆی ڕووداوی هاتوچۆ گیانیان لەدەستداوە و ئەو ڕێژەیە لە چاو ساڵی ڕابردوو لە سەتا یەک زیادی کردووە. هەروەها بە پێی ئاماری ساڵانە لە ئێراندا لە هەر دە هەزار ماشیندا ، ٣٧ کەس بە هۆی ڕووداوی هاتوچۆ گیانیان لەدەست دەدەن کە لە ئاستی جیهان ئەو ڕێژەیە بۆ ٩ کەس دەگەڕێتەوە. بە لەبەرچاو گرتنی ڕێژەی قوربانیانی هاتووچۆ، لە ساڵدا ٢٣ تا ٢٧ هەزار کەس گیانیان لە دەست دەدەن و بە هەزارن کەسی دیکەش کەم ئەندام و نوقستان دەبن. هۆکاری سەرەکی زیادبوونی ڕێژەی ڕووداوەکانی هاتوچۆ لە ئێران بۆ ناستاندار بوونی زۆرێک لە ماشینەکان و خراپی ڕێگەوبانەکان دەگەڕێتەوە کە بە هۆی گەندەڵیی ماڵی و ئیداری بەرپرسان هەرساڵە بە هۆی ڕووداوی هاتوچۆ کارەساتێکی گەورەتر لە هەستانی لافاو و بوومە لەرزە ڕوو دەدا. ئێران لە نێوان ١٩٠ وڵات لە جیهان لە پێوەندی لەگەڵ ڕووداوی هاتوچۆ لە پلەی ١٨٩ یەمین وڵاتدایە. تەنیا وڵاتی "سیرالئون" لە ڕۆژئاوای ئافریقا لەو بارەوە دۆخی لە ئێران خراپترە. لە چاو وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی، ڕێژەی خەسارت و قوربانیانی ڕووداوی هاتوچۆ لە ئێران ٢٥ بەرانبەری وڵاتی ژاپۆن و چەند بەرابەری وڵاتی تورکیەیە.