کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاڵووێری بازرگانیی ئێران و ئاڵمان لە سەتا ٤٨ کەمی کردوە

14:01 - 17 رەزبەر 2719

جێگری باڵوێزی ئاڵمان لە ئێران ڕایگەیاند کە بازرگانیی نێوان ئاڵمان و ئێران لە سەتا ٤٨ دابەزیوە. ناوبراو ووتی: ئێمە ناتوانین کۆمپانیا ئاڵمانیاکان لە هەڕەشەکانی ئەمریکا بپارێزین. "ئەلیور ئێشتاین بێرگ" جێگری باڵوێزی ئاڵمان لە ئێران، لە کۆبوونەوەیەکدا ڕایگەیاند کە هۆکاری کەمبوونەوەی بازرگانیی نێوان دوو دەوڵەتی ئێران و ئاڵمان پێوەندی بە گەمارۆکانی ئەمریکاوە هەیە. ئێمە توانای پاراستنی کۆمپانیا ئاڵمانیاکانمان نییە و کۆمپانیا ئاڵمانیاکانیش بۆ ئاڵووێری بازرگانی لەگەڵ ئێران، ڕیسک ناکەن. چەند مانگ لەمەوبەر ڕۆیتێرز بە پشتبەستن بە ئامارەکانی ژووری بازرگانی ئاڵمان، لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردەوە کە لە ماوەی چەند مانگێکدا بازرگانیی نێوان ئێران و ئاڵمان لە سەتا ٤٨ واتە ١١٠ میلیۆن دۆلار کەمیکردووە. هەر بەپێی ئامارە تازەکانی ئورووپا، بازرگانیی نێوان ئێران و ٢٨ ئەندامی یەکیەتیی ئورووپا لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠١٩ دا بۆ یەک لەسەر چوار دابەزیوە. جێگری باڵوێزی ئاڵمان هەر لەو کۆبوونەوەیەدا لە پێوەندی لەگەڵ ڕێکاری دارایی نێوان ئێران و یەکیەتیی ئوروپا ئاماژەی بەوەدا کە ئابووریی ئەمریکا لە جیهاندا توانایەکی بەهێز و بەرچاوی هەیە هەر بۆیە پێویستە ئێمە ڕێکارێکی گونجاو ببینینەوە. ڕێکاری دارایی ڕێگایەکە بۆ بازرگانی نێوان ئێران و ئەو وڵاتانەی کە لە بەرجامدا ماونەوە، بەڵام تا ئێستا نەیانتوانیوە بە هیچ ئەنجامێک بگەن و کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان هەر لە چاوەڕوانیدا هێشتۆتەوە. کۆماری ئیسلامیش لە سیاسەت و هەڵسوکەوتی ئورووپاییەکان ڕازی نییە و هەر بە نیشانەی ناڕەزایەتی هۆشداری داوە بە وڵاتانی ئورووپایی کە ئەگەر تا ١٥ی خەزەڵوەری ئەمساڵ پێبەند نەبن بە ڕێککەوتنەکەوە، ئەوە کۆماری ئیسلامی هەنگاوی چوارەمی بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم دەستپێدەکا. وڵاتانی ئورووپایش هۆشدارییان داوەتە کۆماری ئیسلامی کە ئەگەر پیتاندنی یۆرانیۆم دەستپێبکاتەوە، ئەوانیش لە ڕێککەوتننامەی بەرجام دێنە دەرەوە.