کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە دەفتەری بیرەوریی پێشمەرگەیەک

14:36 - 17 رەزبەر 2719

شەوی ٢٦ لەسەر ٢٧ی خەرمانانی ساڵی ١٣٧٧ی هەتاوییە. تیمێکی هەشت کەسیی پێشمەرگە لە ئاوایی هاتوونەتەدەر. مانگ تازە سەری لە ئاسۆک وەدەرناوە. هەوڵیان ئەوەیە پێش ئەوەی مانگەشەو ئاسمانی دەورووبەریان ڕووناک بکا لە ئاوایی دەر بکەون و لە تاریکیدا ون بن. دوای ئەوە لە ئاوایی دوور کەوتنەوە لە قەراغ ڕووبارەکە کە بە تەنیشت ئاواییەکەدا تێپەر و تێکەڵ بە بەندئاوی مەهاباد دەبوو، ماوەیەکی کورت دانیشتن بۆ ئەوە هەستێک ڕابگرن بزانن کەس بەدواوەیان نییە و شوێنی هەڵنەگرتوون... دوای وەچانێکی کورت بەرەو شوێنی مەبەست کەوتنەڕێ. ڕێگا دوور و گەلێک هەورازونشیو و شیو و دۆڵیان لەپێش بوو. جاروبارە لە نێوان دوویاندا بە ئەسپایی سرتەیەک دەکرا و کەمێک دواتر دیسان بێدەنگی باڵی بەسەردا دەکێشان و هەرکامیان لە خەیاڵێکدا نوقم دەبوون. ئەوان ئەگەر توانیبایان ئەو شەوە بە سڵامەت بگەنە ئەو شوێنەی بۆ حەسانەوە دیاریان کردبوو، شەوی دواتر دەیانتوانی لەگەڵ کۆمیتەی شارستان و هێز یەکتر بگرنەوە. بەرپرس لە خەیاڵی ئەوەدا بوو کە لەو ماوەدا کە ئەو لە نێویاندا نەبووە، کومیتەی شارستان و هێز هەڵسوکەوتیان لەگەڵ پێشمەرگە و خەڵک چۆن بووە و کومیتە ناوچەی مەنگووڕان کە میوانداری ئەو دەستە پێشمەرگەیە بوو، پەلەیان ئەوەبوو بەرپرس و ئەو چەند پێشمەرگەیە بەسڵامەت تەحویلی هێز و کۆمیتەی شارستان بدەنەوە و خۆیان سەرسووکتر بەرەو ناوچەی تێکۆشانی خۆیان بگەرێنەوە ...... خەیاڵەکان بەردەوام و هەرجارێ بەجۆرێک وێنای شتێکی جیاواز. جاروبار دەبوایە پشوویەک بدەن و بەتایبەتی لە کاتی وەچانداندا جغارەکێشەکان لەو کاتانەدا سەریان لەبەریەک دەنا بۆ ئەوەی ئاوری جغارەکەیان لە دورەوە دیار نەبێ و جاروبار بەدەم حەسانەوە و کێشانی سیگار قسەی خۆشی بازنەی پێشمەرگەیەتیش دەهاتنە گۆڕێ. بەری بەیانی گەیشتنە شوێنی مەبەست. شوێنکە لە بواری نیزامییەوە زۆر قایم و جیگای دەست کردنەوە نەبوو، بەڵام لە هەلومەرجی ئەو کاتدا بێ‌شک بوو. شوێنەکە لە نیزیک جادەی مەهاباد _ سەردەشت هەڵکەوتبوو، زۆر دوور نەبوو لە شاری مەهاباد، بە چەشنێک لەسەر بەرزایی پشتی ئەو شوێنە بە ئاسانی ڕووناکایی چراکانی شار دەبێندران و چەند گوندێکی نزیک ئەو شوێنە مۆڵگەی هێزەکانی دوژمنی لێ بوو. پێشمەرگەکان گەیشتنە شوێنی مانەوە و یەکەم دەنگ کە بەر گوێیان کەوت دەنگی خوڕەخوڕی ئاو بوو. شەو زرینگاوەتەوە. مانگی خەرمانانە. بەری بەیانییان هەوا بەرەو ساردی دەروا، لەشی ئارەقاویی ڕێبواری رێبازی شەهیدان هەستی بە تەزووی سارد دەکرد، بێ گوێدان بەو ساردیە هەر پێشمەرگەیەک بەپێی عادەت کەوتنە جیگا خۆشکردن بۆ تۆزێک حەسانەوە بە ڕەچاو کردنی ئەوەی لە ڕووناک بوونی هەوادا لە دورەوە دیار نەبن و خۆر لێان نەدا و..... بۆ وریابوون لە خۆیان هەتا ڕووناک بوونی هەوا دووکەس دووکەس بوونە کێشکچی و لە گەڵ تاوهەڵات و ڕووناک بوونی هەوا ئەوجار یەکێک لە پێشمەرگەکان بەنۆرە لەشوێنێک کەمێک بەرزتر لە شوێنی مانەوەیان چاوەدیریی ناوچەکەیان دەکرد. ڕۆژ گەرم ببوو، ئەو شوێنە هەتا مەودایەکی باش لە ئاوەدانی دوور بوو و لە دێیەکەڕا بۆ ئەو مەزرایە دەستەو هەوراز بوو، بۆیە خاوەن مووچە پێی دەچوو هەتا لە ئاوەدانی‌ڕا دەگەیشتە مووچەکەی. خاوەن مووچە باوکی شەهیدێکی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان بوو. یەک دوو لە پێشمەرگەکان ئەوەیان دەزانی بەڵام ئەوانی دیکە نەیاندەناسی. خاوەن مەزرا لە دوورەوە بە سواری گوێدرێژەکەی بە دیار کەوت. ڕێگا هەوراز بوو و دەبوایە پێچ و خول بخوا. هەر بۆیە ئارام ئارام نزیک دەبۆوە و هەستی بە بوونی پێشمەرگەکان نەکردبوو.  لە سەر پشتی گوێدرێژەکە لە فکران ڕۆچوو بوو  و جارجار لەبەرخۆیەوە قسەی دەکرد. هەرچەند گوێت لە قسەکانی نەدەبوو بەڵام بە هێنان و بردنی دەستەکانی و جارجار سەربادانی دەتزانی لەگەڵ خۆی دەدوێ. باسی چیی دەکرد و چی لەدڵیدا بوو هەر خۆی و خوای خۆی دەیزانی. گەیشتە نزیک جێگا مزڵەکەی و بەئەسپایی لە گوێدرێژەکە دابەزی و کەلوپەڵەکانی لەبن پەرژینەکە دانا و ئەوجار تۆزێکی لە دەورووبەری خۆی ڕوانی. هەتا ئەوکات هەستی بە بوونی پێشمەرگەکان نەکردبوو. تۆزێک ڕاماو و ئەوجار بەرەو ڕیزە سپیدارەکە هەنگاوی نا و بە دوودڵی لێیان چۆ پێشێ. پێی سەیر بوو ئەوانە کێن و لێرە چ دەکەن، بڵێی پێشمەرگە بن؟ کوڕە خۆ ئێرە بۆ مانەوەی پێشمەرگە نابێ و کاری کردن نییە. بەو فکرانە لێیان نزیک بۆوە. کە نزیکتر بۆوە یەک دووانی لێ ناسین و هەنگاوی خێراتر کرد و دەم بەبزە و دەنگێکی تێکەوڵاو بە بوغز و گریان و لەهەمان کاتدا نیگەران گوتی بۆخاتری خوا ئەوە چۆنە لێرە ماونەوە؟ ئەدی هەر ئەوندەن؟ کوڕەکانی دیکە لەکوێن و چەند پرسیاری دیکەی لەو بابەتە. بەدەم پرسیارانەوە ئامێزی بە یەک یەکی پێشمەرگەکاندا کرد و لاڕوومەتی ماچ دەکردن و توند بەخۆیەوە دەکوشین. دیاربوو بۆنی کوڕە شەهیدەکەی لەو پێشمەرگانەوە دەهات و لەوکاتەدا لای ئەو کوڕەکەی زیندوو ببۆوە... چاوەکانی گەش بوون و خۆش خۆش دەیگوت یا خوابەخێر بێن، دڵم ڕوون بۆوە..... دوای چاک و چۆنی و هەواڵ پرسین لە جموجۆلی دوژمن، باوکی شەهید گوتی لەمێژە دوژمن ڕووی لێرە نەکردوە، بەڵام ئامان وریابن دوژمنە و هەزاران فێڵ و تەڵەکەی دەبن سەری دایە. ڕۆژ هەڵکشا بوو و تاوبان گەرم ببوون و دەستەپێشمەرگەکە توانیبوویان لەگەڵ هێز و کومیتەی شارستان پێوندەیی بێ‌تەلیان هەبێ و ئاگایان لە وەزعی یەکتر بێ. باوکی شەهید ڕووی لە پێشمەرگەکان کرد و گوتی من دادەگەڕێمەوە خوارێ و دەچم نان و چێشتێک بە ماڵێ ساز دەکەم و دەگەڕێمەوە لاتان. هەرچەند پێشمەرگەکان گوتیان نابی خۆت و ماڵێ ئەزیت بدەی بەڵام ئەو هەر سوور بوو، ناکری کوڕەکانی میوان بن و ئەویش هەروا بە نانی ویشکی بەڕێیان بکا. لە بواری ئەمنیەتی و پاراستنەوە دروست نەبوو بگەڕێتەوە، بەڵام باوکی شەهیدە و  دیسان گوندەکە سێ چوار ماڵە کە هەموویان لە ڕاستیدا یەکماڵ بوون و خەڵکی بێگانەیان لەنێودا نەبوو. باوکی شەهید ڕێگای ئاوایی گرتە بەر و پێشمەرگەکانیش لەبن سێبەری سپیدارەکان خەریکی حەسانەوە بوون و بەقسەکردنی هەمە بابەت لە دنیای پێشمەرگایەتی و سیاسەت‌ڕا بگرە هەتا گێڕانەوەی نەقل و نەزیلە سەیر و سەمەرە و سەرخەو شکاندن کات تێپەر دەبوو. ڕۆژی هەینی ٢٧ی خەرمانانی ساڵی ١٣٧١ی هەتاوییە. کات نزیک بۆتەوە لە دوازدەی نیوەڕۆ و بەپێی عادەت پێشمەرگە دەبوایە گوێی لە ڕادیو دەنگی کوردستان بگرێ. یەکێک لە پێشمەرگەکان ڕادیۆ سێ مەوجە توشیبایەکەی هەڵ کرد و ئارام ئارام میلی ڕادیۆکەی هێنا سەر شەپۆلی ٧٥میتری و دەنگی بەسۆزی شمشاڵی قالەمەرە هەموویانی لە دەوری ڕادیو کۆ کردەوە. هەرچەند ڕۆژی هەینی بوو و بەرنامەی ڕادیو وەڵامدانەوەی بەرنامەی گوێگرەکان بوو کە لە لایەن ڕەوانشاد کاک تەها عەتیقی و یای خەدیجە مەعزوور بەڕێوە دەبرا، بەڵام هۆگریی پێشمەرگە بە ڕادیو دەنگی کوردستان و وەڵامە بەنێوەرۆکەکانی کاک تەها بە نامەی گوێگرەکان وایان کردبوو کە گوێگر و تامەزرۆی زۆری هەبێ و لەگەڵ ئەوەی دەیانزانی هیچ هەواڵیکی چالاکیی پێشمەرگانە لەو ڕۆژەدا بڵاو ناکرێتەوە، لە دەوری ڕادیۆ کۆببوونەوە. شمشالی ئەو ڕۆژە زۆر خەمناک و بەسۆز بوو. پێشمەرگە و خەڵکی کوردستان بە دەنگی شمشاڵەکەی ڕادیو دەیانزانی هەواڵی خۆش یا ناخۆش دەبیستن. یەکیک لە پێشمەرگەکان گوتی یاخوا خێر بێ، شمشاڵی ئەمرۆ زۆر خەمناکە. یەکی دیکە لە پێشمەرگەکان گوتی لەخۆرا وەپێش مەکەوە، ئەمرۆ هەینییە و خۆ هیچ هەواڵیک لە ڕادیو بڵاو نابێتەوە. لەو کاتەدا باوکی شەهید لە گوندەکەوە گەڕایەوە و خەریک بوو چەند مەنجەڵ و قاپ و قاچاغی لە تێڕەکە دەردێنان. یەكێک لە پێشمەرگەکان چووە یارمەتیدانی و  خەریکی سفرە راخستن بوون کە شمشاڵی ڕادیو دەنگی کوردستان بڕا و دەنگی کاک ئەحمەد شێربەگی بە جێگای دەنگی کاک تەها عەتیقی بیسترا. هەموو پێشمەرگەکان بێدەنگ بوون و بۆ چرکەیەک دەتگوت دنیا لە جووڵە کەوتوە بۆ ئەوە دەنگی بێژەرەی ڕادیو ببیسترێ. بێژەری ڕادیو بە دەنگی بەرز دەستی پێکرد: «.... خەڵکی خەباتکاری کوردستان، کادر و پێشمەرگە و ئەندامانی حیزبی دیموکراتی کوردستان  بەداخ و کەسەرێکی زۆرەوە ڕادەگەیەنین ...» هەناسەکان لەنێو قەفەزەی سینگدا قەتیس مان، فرمێسک بە چاوکاندا شۆڕ بوونەوە و، هەموو لەجێ خۆیان تاسان. ڕادیو دەنگی دەهات، بەڵام پێشمەرگەکان چیی دیکەیان لێ نەدەبیست و خوداخودایان بوو ئەوەی بیستوویانە ڕاست نەبێ. ئەخە چۆن دیسان دوژمن زەفەری پێ بردووین؟ ئەویش بەهەزران کیلۆمیتر دوور لە سنوورەکانی ئێران؟ باشە چۆن توانییان د. شەرفکندی و هاورێیانی شەهید بکەن؟ خۆ کاک دکتور زۆر وریا و زیرەک بوو  و، کۆماری ئیسلامیی باش دەناسی. ئەوانە و چەندین پرسیاری دیکە لە مێشک و زەینی پێشمەرگەکاندا دەهات و دەچوو. بۆ ئەوەی لەسەر ئەو هەواڵە زانیاریی زیاتریان دەست کەوێ پێوەندییان بە کۆمیتەی شارستان و هێز کرد تا لە رێگەی بێ‌تەلەوە پێوەندی بە ناوەندی حیزبەوە بگرن و بزانن کارەساتەکە چۆن بووە و دەفتەری سیاسی لەم هەڵومەرجەدا ڕێنوێنیی چییە؟ لەو بگرەوبەردەدا باوکی شەهید و زەحمەتەکانی لەیاد چووبوونەوە  و هیچ کام لە پێشمەرگەکان دڵیان نانی نەدەبرد و هەرکامیان لەبن دارێک بەبێدەنگی دانیشتبوون و خەیاڵ هەڵی گرتبوون. باوکی شەهیدیش پالی وەدارێک دابوو و ئەژنۆکانی لەباوەش گرتبوو. ئیدی پیاو پێرە دڵخۆشەکەی چەند سەعات لەوە پێش نەبوو ە دەتگوت کوڕە پێشمەرگەکەی تازە شەهید بووە و لە سەر تەرمەکەی ئارام ئارام فرمێسک هەڵدەوەرێنی. جارجار دەستی بەرەو ئاسمان بەرز دەکاتەوە و لە خۆیەوە لەبن لێوان قسەیەک دەکا. وادیارە سکاڵای خۆی بردۆتە بەردەم خوای گەورە و لێ دەپارێتەوە چیدیکە ئەو زوڵم و غەدرەی دەرحەق بە کورد دەکرێ قەبوولی نەکا. بەپێی سروشتی پێشمەرگایەتی، دوای ماوەیەک پێشمەرگەکان بەسەر هەستی خۆیاندا زاڵ بوون. چونکە ئەوە خسڵەتی پێشمەرگەیە کە بە سەرکەوتن لەخۆبایی نابێ و بە زەربەخواردن تێک ناشکێ و دەبوایە شان وەبەر ئەو کۆستە گەورەیە بدەن و بەرگە بگرن. ئەوان ڕاهاتبوون کە هەر ڕووداوێک لە ژیانی پێشمەرگایەتی بکەنە تەجروبەیەک و وانەیەک لەژیانی خەباتگێری. وادیار ئەو رۆژە خۆر بەتەما نەبوو ئاوا بێت هەر خۆی لەبەریەک دەکێشاوە، تیمە پێشمەرگەکە هیواخواز بوون هەرچی زووتر خۆر ئاوا بێت و تاریکی باڵ بەسەر ناوچەکەدا بکێشێ بۆ ئەوە بتوانن مەودای خۆیان و هێز و کۆمیتەی شارستان ببڕن، چونکە خەیالیان وابوو ئەگەر لەنێو کۆڕی زیاتری هاوسەنگەرانیاندا بن ڕەنگە باشتر بتوانن بەرگەی ئەو زامە گەورە بگرن. هیدی هیدی خۆر شۆر بۆوە و لەپاڵ چیا سەرکەشەکانی کوردستان پەنای گرت و مەجالی جووڵەکردنی دا بە پێشمەرگەکان. ئەوان بەدڵێکی پڕ لە تاسەی خۆشەویستی بۆ کوردستان و ڕق و کینە لە دوژمنان خۆیان بۆ کەوتنەڕێ ئامادە کرد. باوکی شەهیدیان بە چاوی پڕ لە فرمێسک لە ئامێز گرت و بۆ ماڵئاوایی دەستیان ماچ کرد. لەوکاتەدا هیچ وەڵامێکیان بۆ ئەو هەموو پرسیار و سەرکۆنەی بەحەقی باوکی شەهید پێ نەبوو و تەنیا ئەوەندەیان گوت : باشترین پاداش بۆ شەهیدان درێژەدانی رێگایانە... لەدوای ئەو قسەیە بۆ درێژەدان بە خەبات و بڕێنی ئەم کاروانە کەوتنە ڕێگا ....