کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەستخۆشانەی حەسەن ڕووحانی لە وەزارەتی ئیتلاعات

15:07 - 17 رەزبەر 2719

حەسەن ڕووحانی سەرۆک کۆماری ئێران دەستخۆشیی لە کاربەدەستان و بەرپرسانی وەزارەتی ئیتلاعات کرد لە هەمبەر پاراستنی ئاسایش و ئەمنییەت لە ئێراندا . ڕۆژی سێشەممە ١٦ی ڕەزبەری ٩٨ی هەتاوی، ڕووحانی لە دیدارێک کە لەگەڵ کاربەدەستان و بەرپرسانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران پێکی‌هێنابوو، وتی: "کۆمەڵگە دەبێ ئەمنییەت و ئاسایشی هەبێت". باسی لەوە کرد کە ئەو وەزارەتخانەیە ئێستاش کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ئابووریی ئێران هەیە و گوتی کە وەزارەتی ئیتلاعات دەبێ ئاسایش و ئەمنییەت بپارێزێ و ڕێگە نەدا هیچ ڕووداوێک ڕوو بدات. حەسەن ڕووحانی لە کاتێکدا بە شان و باڵی ئیدارەی ئیتلاعاتدا هەڵدەدا کە ئیدارەی ئیتلاعات خۆی هۆکاری ترس و نیگەرانی و نائەمنییە لە ئێراندا. پۆلیس و هێزی چەکدار بۆ پاراستنی ئەمنییەتی خەڵک دادەمەزرێ، بەڵام لە ئێرانی بندەستی ئاخوندەکاندا هەموو هێزە چەکدار و ئیتلاعاتییەکان یەکەمین ئەرکیان سەرکوتی گەلانی ئێرانە. ئەو ئیتلاعاتەی کە ڕووحانی باسی لێدەکا، بۆتە هۆی کوژران و زیندانی کردنی سەدان هەزار کەس لە خەڵکی ئێران، بەبڕیاری ئیدارەی ئیتلاعات زیندانەکان پڕن لە خەڵکانی ئازادیخواز و نیشتمانپەروەر. ئەرکی کاربەدەستانی ئیتلاعات کوشتن و زیندانیکرد و ڕاوەدوونانی خەڵک و پێکهێنان و بڵاوکردنەوە ترس و وەحشەتە لەنێو خەڵکدا نەک پاراستنی خەڵک و ئەمنییەت و ئاسایش. هەر لە ڕێگای ئیتلاعات و بە فەرمانی ئەوان ئازادیخوازان لە دار دەرێن، لەسەر زانیاریی ئەوان کۆڵبەرانی کورد دەکوژرێن، بە بڕیاری ئەوان سیاسەتمەداران لەنێوخۆ و دەرەوەی وڵات تێرۆر دەکرێن. لە یەک قسەدا دەتوانین بڵێین کە ئیتلاعات نەک هەر ئەمنییەت و ئاسایشی بۆ خەڵک دابین نەکردووە، بەڵکوو بۆتە سەرچاوەی هەڕەشە و ترس و نیگەرانی و نائارامی لە نێو خەڵکی ئێراندا.