کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆژاوای کوردستان لە چاوەڕوانیی هێرشی سپای تورکیەدا

15:08 - 17 رەزبەر 2719

دەوڵەتی تورکیە هێزێکی زۆری ڕەوانەی سنوورەکانی ڕۆژاوای کوردستان کردوە و کاربەدەستانی حکوومەت بڕیاریانداوە هێرش بکەنە سەر ڕۆژهەڵاتی فوڕات لە ڕۆژاوای کوردستان. بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی ئاناتۆلی تورکیە، دەوڵەتی تورکیە هێزی کۆماندۆی بۆ پشتیوانی لە هێزەکانی سپا ڕەوانەی سنوورەکانی ڕۆژاوای کوردستان کردووە و هێلی کۆپتێری شەڕکەر و چەک و چۆڵی سەربازی زۆری لە سنوورەکان جێگیر کردووە. هەڕەشەی تورکیە و ڕەوانە کردنی هێزی سپا بۆ سنوورەکانی ڕۆژاوای کوردستان، کاردانەوەی جۆراوجۆری لێکەوتۆتەوە و هیچ وڵاتێک پشتیوانی لەو بڕیارەی تورکیە نەکردووە. هەر لەو پێوەندییەشدا تڕامپ بەهۆی بڕیاری کشاندنەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ڕۆژاوا کەوتۆتە بەر هێرش و ڕەخنەی توندی هەردوو حیزبی کۆماریخواز و دێموکڕات و هەر ئەوەش بوو بەهۆی ئەوەی کە دۆناڵد تڕامپ لەچەند تویتی جیاوازدا کە نووسیویەتی، لە بڕیارەکەی پێشووی پاشگەز بێتەوە و هۆشداری دایە دەوڵەتی تورک و ڕایگەیاند کە ئەگەر تورکیە ئەو سنوورانە ببەزێنێ کە تڕامپ خۆی دیاریکردووە، ئەوە ئابووریی تورکیە وێران دەکات و لە هەمانکاتیشدا ڕایگەیاند کە ئەمریکا کوردەکان بە تەنیا جێناهێڵێ. لەلایەکی دیکەوە لەگەڵ ئەوەی کە وڵاتانی ئورووپایی دژایەتی خۆیان لەگەڵ هێرشی تورکیە بۆ سەر ڕۆژاوای کوردستان ڕاگەیاندوە، بەڵام دەوڵەتی تورکیە سوورە لەسەر ئەوەی کە ئەو هێرشە ئەنجام دەدا و ئەرتەشی تورکیەش بۆ ئەو هێرشە هەموو ئامادەکارییەکی کردووە. هەر لەو پێوەندییەدا "فوئاد ئاکتای" جێگری ڕەجەب تەییب ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورکیە لە بەرانبەر هەڕەشە و هۆشدارەکانی تڕامپ ڕایگەیاند کە دەوڵەتی تورکیە باکی لەو هەڕەشانە نییە و لە ژێر کاریگەریی هەڕەشەکانی ئەمریکادا لە بڕیارەکەی خۆی پاشگەز نابێتەوە و هێرشەکە ئەنجامدەدا. لە لایەکی دیکەوە، بەرپرسانی کورد لە ڕۆژاوای کوردستان وێڕای ئەوەی کە بڕیاریان داوە لە بەرانبەر هێرشی تورکەکان بوەستنەوە، لە هەمانکاتدا نیگەرانی خۆیان لە سیاسەتەکانی ئەمریکا دەربڕیوە و ڕایانگەیاندووە کە ئەگەر ئەمریکا هێزەکانی خۆی لە ڕۆژاوای کوردستان بکشێنێتەوە، ئەوە ئەوان لەگەڵ ڕووسیە و دەوڵەتی سووریە دانوستان دەست پێدەکەن. جێی ئاماژەیە کە کوردەکان کە تا ئێستا ئەمریکا پشتیوانی لێدەکردن و هاوپەیمانی ئەمریکا بوون لە شەڕی دژی تێرۆر، ئەمریکا بە خەنجەر لە پشت دانی کورد تۆمەتبار دەکەن.