کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیداری بەشی پێوەندییەکانی حیزب و ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە هەولێر

18:23 - 17 رەزبەر 2719

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان، پێش نیوەرۆی رۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ١٦ی رەزبەر ٩٨ی هەتاوی بەرامبەربە ٨ی ئۆکتۆبری ٢٠١٩ ی زایینی، هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە سەرپەرستی خالید وەنەوشە، بەرپرسی پێوەندییەکانی حیزب لە شاری هەولێر سەردانی ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد لە سووریە(ENKS) ی کرد و لە لایەن هەیئەتیکی ئەنجوومەنەوە بە سەرپەرەستی عەبدولکەریم میرانی سەرۆکی دەورەیی ئەنجوومەنەوە پێشوازییان لێ کرا. لەم دیدارەدا هەر دوو لایەن لە پێوەندی لە گەڵ رووداوە سیاسی یەکانی هەر دوو پارچەی رۆژهەڵات و رۆژئاوای کوردستان ئاڵوگۆڕی بیروڕایان کرد و لەم قۆناغە دا یەکێتی و یەکگرتوویی نێوان حیزب و لایەنەکانی کوردستانییان زیاتر لە هەمیشە بە پێویست زانی. هەر لەم دیدارە دا هەئیەتی ئەنەکەسە بە ڕێز و پێزانینەوە باسیان لە هەڵوێست و سیاسەتەکان و پشتیوانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە بزووتنەوەی کورد لە رۆژئاوای کوردستان کرد و پێداگرییان لە سەر بەردەوامی پێوەندییەکانیان لە گەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستان کردەوە. شایانی باسە کە ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد لە سوریە (ئەنەکەسە) لە ١٢ پارت و لایەنی رۆژئاوای کوردستان پێک هاتووە و هەر کام لەم لایەنانە پێوەندیی باش و دۆستانەیان لە گەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستان هەیە.