کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆکوژیی سێ لاو لە ناوچەکانی سنە و ڕەوانسەر

15:10 - 18 رەزبەر 2719

بەپێی هەواڵی سەرچاوەکانی هەواڵ کچێکی تەمەن ١٦ ساڵەی خەڵکی گوندی "ئارەنان"ی سەربە شاری سنە بەهۆی کێشەی بنەماڵەییەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا. بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ڕێککەوتی ١٥ی ڕەزبەر، کچێکی تەمەن ١٦ ساڵی خەڵکی گوندی ئارەنان بەناوی زیلان ئەحمەدی، لە ڕێگەی خۆهەڵواسینەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە. شایانی باسە کە ئەو ڕووداوە بەهۆی کێشەی بنەماڵەییەوە بووە و ئەو کچە دوای نیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە لەڕێگەی خۆهەڵواسینەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە. هەروەها هەر بەپێی هەواڵی ناوەندی هەنگاو، ڕۆژی هەینیی پێشتر، کچێکی دیکەی تەمەن ١٦ ساڵی خەڵکی ئاوایی نایسەری شاری سنە بەناوی ئارینا موردای ، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە. جێگای ئاماژەیە کە بەپێی هەواڵێکی تر کە بە دەستمان گەیشتووە، ڕۆژی سێشەممە ١٦ی ڕەزبەر، کوڕێکی تەمەن ٢٣ ساڵ بەناوی سوبحان کەریمی خەڵکی شاری ڕەوانسەر کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە. شایانی باسە کە خۆکوژی بووەتە دیاردە لە کۆمەڵگەی کوردەواریدا و خەڵکێکی زۆر لەو ڕێگەیەوە کۆتایی بە ژیانی خۆیان دێنن.