کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەحکووم کردنی هێرش بۆ سەر ڕۆژاوای کوردستان لە لایەن شوڕای ڕێکخراوە مەدەنییەکانی مەریوان

19:55 - 19 رەزبەر 2719

شوڕای ڕێکخراوە مەدەنییەکانی شاری مەریوان بۆ مەحکووم کردنی هێرشی دەوڵەتی تورکیە بۆسەر ڕۆژاوای کوردستان ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە کە لە بەشیکی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتوە" ئەمڕۆ کۆمەڵگای جیهانی لە هەمبەر هێرشی سپای داگیرکاری تورکیە بۆ سەر خەڵکی بێ پەنای ڕۆژاوا بێ هەڵوێست نییە. کۆمەڵگای مەدەنیی جیهان بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەم جووڵە دژەمرۆڤانەیە بە ئاگا هاتەوە و هەموو دامەزراوە دەوڵەتی و نادەوڵەتییەکانی خستووەتە ژێر گوشار و داوای کاردانەوەیان لێ دەکات. دیارە دەمێکە کۆمەڵگای مەدەنیی جیهانی سەقامگیر بووە و بەردەوام پابەند بە دادپەروەرییە و دژایەتیی ستەمگەری لە هەموو ئاستێکدا دەکات. بە بڕوای کۆمەڵگای مەدەنیی جیهانی، دامەزراوە بەرپرسەکانی پاراستنی مافی مرۆڤ! کارایی خۆیان لەدەست داوە و بە بێدەنگی و ئامۆژگاریی بێ بنەما، داگیرکارانیان بۆ لەژێرپێنانی زۆرتری مافی خەڵکی بێ پەنا بەتایبەت کوردەکان دڕتر کردووە". هەروەها لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتوە "ڕێکخراوە مەدەنییەکانی مەریوان، هاوڕێ و هاودەنگ لەگەڵ کۆمەڵگای مەدەنیی جیهانی، بێدەنگی و هاوڕێیی دامەزراوە و دەوڵەتەکان لەگەڵ هێرشی تورکیە بۆ سەر کوردەکان بەتوندی ئیدانە دەکات و پێی وایە، پێویستە کە هەموو نەتەوە ئازادیخوازەکانی ناوچە و جیهان لە هەمبەر پێچەوانە نیشاندانی چەمکە مرۆییەکانی وەک ئاسایش، ئاشتی و مروڤدۆستیی دەوڵەتی داگیرکاری تورک بەربەرەکانێ بکەن و نەهێڵن مانا دەروونییەکانی ئەم چەمکانە بەهۆی داگیرکارانەوە پێچەوانە ببێتەوە و هەوڵی ئەوان بۆ گەیشتن بەم مەبەستە نامرۆڤانە لەژێر ناوی ئەم چەمکانە لە قاو بدەن و ڕیسوای بکەن. ئێمە داواکارین کە دامەزراوە نێونەتەوەییەکانی وەک: شۆرای ئاسایش، یەکیەتیی ئورووپا و یەکیەتیی وڵاتە عەرەبەکان و دیکەی ڕێکخراوە چالاکەکان بێ هەڵوێست نەبن و بەر بە کۆمەڵکۆژی و کارەساتێکی گەورەی مرۆیی بگرن". ئەو ئەنجوومەنەنانەی کە ئەم ڕاگەیەندراوەیان بڵاوکردۆتەوە، بریتین لە: شۆرای ڕێکخراوە مەدەنییەکانی مەریوان ناوەندی فەرهەنگی- هونەریی ڤەژین ئەنجومەنی فەرهەنگی- ئەدەبیی ڕۆجیار یەکێتیی مامۆستایانی ئایینی مەریوان و هەورامان (یەمامە) ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی مەریوان (انجمن صنفی معلمان مریوان) ئەنجومەنی خەڵکیی بەرگری لە ماددە هۆشبەرەکان- ژیانەوە ئەنجومەنی فەرهەنگیی- ئەدەبیی مەریوان ناوەندی زانستی- فەرهەنگیی ڕۆنان ئەنجومەنی سەوزی چیا