کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیەندراوی ئەندامانی ئورووپایی ئەنجوومەنی ئاسایش لە سەر هێرشی تورکیە بۆ سەر ڕۆژاوای کوردستان

20:02 - 19 رەزبەر 2719

كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتوەکان لەسەر داوای چەند ئەندامی ئەو ئەنجوومەنە لە پشت دەرگا داخراوەکانەوە بەڕیوەچوو. ڕۆژی پێنجشەممە ١٠ی ئوکتوبێری ٢٠١٩ی زایینی، ئەنجوومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان لەسەر هێرشی دەوڵەتی تورکیە بۆ سەر ڕۆژاوای کوردستان کۆبوونەوەیەکی پێکهێنا، بەڵام کۆبوونەوەکە بێ هیچ بڕیارێک کۆتایی پێهات. داواکاریی چەند ئەندامێکی ئەنجوومەنی ئاسایش بەهۆی دژایەتی دوو دەوڵەتی ئەمریکا وڕووسیە و بێ هەڵویستی دەوڵەتی چین، قبووڵ نەکراو و کۆبوونەوەکە هیچ ئەنجامێکی بۆ ڕاگرتنی شەڕەکە لێنەکەوتەوە. لەگەڵ ئەوەی کە ئەو سێ زلهیزە ملیان نەدا بۆ بڕیارێک لەبارەی ڕاگرتنی هێرشەکەی سەر ڕۆژاوای کوردستان، بەڵام وڵاتانی ئاڵمان، فەڕانسە، بریتانیا، بلژیک، لەهێستان و ئێستونی دوای کۆبوونەوەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا داوایان لە دەوڵەتی تورکیە کرد کە هێرشە تاکلایەنەکەی بۆسەر ڕۆژاوای کوردستان ڕابگرێ. لە راگەیەندراوەکەدا وێرای ئەوەی کە داوایان لە تورکیە کردووە هێرشەکە ڕابگری، لە هەمانکاتدا ئاماژەیان بەوەکردوە کە ئەو هێرشە بەرەی دژە داعش لاواز دەکا و ئاسایش و ئەمنییەتی ناوچەکە تێکدەدا. شایانی باسە کە ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو دەوڵەتی تورکیە بە هاوکاری بەشێک لەهێزەکانی دژبەری دەوڵەتی سووریە هێرشیان کردۆتە سەر ڕۆژاوای کوردستان و تا ئێستا دەیان کەس لە کوردانی ڕۆژاوا بوونەتە قوربانیی ئەو شەڕە ماڵوێرانکەرە و هەزاران کەس ئاوارە و دەربەدەر بوون.