کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاردانەوە و لێکەوتەکانی هێرشی تورکیە بۆ سەر ڕۆژاوا

16:27 - 20 رەزبەر 2719

ڕۆژی ١٧ی ڕەزبەری ١٣٩٨ی هەتاوی بەرانبەر بە ٩ی ئۆکتۆبری ٢٠١٩ی زایینی، سپای تورکیە هێرشێکی هەمەلایەنەی کردە سەر ڕۆژاوای کوردستان کە کاردانەوەی جیاجیای لێکەوتەوە. ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو هێزێکی زۆری سپای تورکیە لەژێر ئاگری فڕۆکە و تۆپخانە بە هاوکاریی چەند هێزێکی ئۆپۆزیسیۆنی سووریە هێرشی بۆ سەر ڕۆژاوای کوردستان دەستپێکرد کە لە ئاکامدا بوو بەهۆی گیان لەدەستدان و بریندار بوونی دەیان کەس لە خەڵکی سڤیل و شەڕوانانی ڕۆژاوا و ئاوارە بوونی دەیان هەزار کەس لە خەڵکی ناوچەکە. لە یەکەمین کاردانەوەدا هێزە کوردییەکانی ڕۆژاوای کوردستان بەرەنگاری لەشکری پۆشتە و پەرداخی تورک بوونەوە کە تا ئێستا شەڕێکی قورس و نابەرابەر لە ئارا دایە و نەیانهێشتووە لەشکری تورکیە پێشڕەوی بکا و بە وتەی وتەبێژی هەسەدە تا دوێنێ ٢٨٨ کەس لە هێرشبەران کوژراون و بە قسەی کاربەدەستێکی ناتۆ، لەشکری تورکیە لە ماوەی ئەو چەند ڕۆژەدا تەنیا توانیویەتی دوو گوند کۆنتڕۆل بکا. لەنێوخۆی ئەمریکا چەند سەناتۆر و سیاسەتمەداری ئەمریکایی ئەو چراسەوزەی ئەمریکایان بە دەوڵەتی تورکیە بە سیاسەتێکی هەڵە ناوبرد و لە مێدیاکاندا دەنگدانەوەی زۆری بە دووای خۆیدا هێنا. کاردانەوەیەکی گرینگی دیکە ئەو شەڕە، هەڵوێستی یەکگرتوانەی حیزبە کوردییەکان و کوردانی هەر چوار پارچەی کوردستان بوو لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات کە یەک دەنگ هاتنە مەیدان و ئەو هێرشەی سپای تورکیان مەحکووم کرد. لە لایەکی دیکەوە، لەسەر داوای چەند وڵاتێکی ئورووپایی داوای کۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکانیان کرد و ئەگەرچی بەهۆی دژایەتی ئەمریکا و ڕووسیە هیچ ئاکامێکی بە قازانجی کورد لێنەکەوتەوە، بەڵام چەند دەوڵەتی ئورووپایی لە بەیاننامەیەکدا ئەو هێرشەیان مەحکووم کرد و داوایان لە تورکیە کرد کە هێرشەکە ڕابگرێ. لە لایەکی ترەوە چەند وڵاتێكی ئورووپایی فرۆشتنی چەکوچۆڵیان بە تورکیە ڕاگرت. پێنتاگۆن ڕۆژی هەینی داوای لە دەوڵەتی تورکیە کرد کە هێرشەکانی بۆ سەر ڕۆژاوای کوردستان ڕابگرێ و بەهۆی تۆپبارانی ناوچەیەک کە هێزەکانی ئەمریکا تێیدا جێگرن، وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا ڕایگەیاند کە هێزەکانیان لە سەرێکانی نەکشاونەتەوە و داواشی لە هێزەکانی تورکیا کردووە، کارێک نەکەن کە پێویست بە وەڵامدانەوەی راستەوخۆی هێزەکانی ئەمەریکا بکات. ئێمانوێڵ ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە پێوەندییەکی تەلەفۆنیدا دۆخی سووریەیان تاوتوێکرد و ماکڕۆن داوای لە تڕامپ کرد کە هەوڵبدات بە زووترین کات هێرشەکە ڕابگرن. هەر لەو پێوەندییەدا ئاڵدار خەلیل ئەندامی كۆمیتەی "تەڤدەم" رایگەیاند کە ئەوەی لە رۆژئاوای كوردستان روودەدات پیلانێكی نێودەوڵەتییە. دوکتۆر بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق لەو پێوەندییەدا ڕایگەیاند کە كورد‌ گه‌لێكی رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاسته‌، پێویسته‌ ئه‌و وڵاتانه‌ی خاكی كوردستانیان به‌سه‌ردا دابه‌شكراوه‌، مافه‌كانی كورد ره‌چاو بكه‌ن. "ئانن لیندا" وەزیری دەرەوەی سوید، له‌ بارەی ھێرشی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان 24 گوتی: "ھێرشی سەربازیی تورکیا شکاندنی یاساکانی مافی مرۆڤە، جگە لەوەش زیان بە‌و هێزە کوردیيانە دەگەیەنێت کە ئێمە پێمانوایە دەبێت زۆر سوپاسیان بکەین و رێز لە و تێکۆشانەیان بگرین کە دژی داعش شەڕیان کرد. هەروەها ناوبراو ڕایگەیاند کە بەم زووانە یارمەتییەکی مرۆڤدۆستانەی گەورە بۆ خەڵکی سوریا‌ و باکووری رۆژھەڵاتی سوریا ڕەوانە دەكەین. به‌هۆی هێرشه‌كانی توركیا و هه‌ڕه‌شه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌سه‌ر ئابووری ئه‌و وڵاته‌، به‌های لیره‌ به‌رامبه‌ر به‌ دۆلار دابەزیوە و ستیڤن منوچین رایگه‌یاند، تره‌مپ ده‌سه‌ڵاتی سه‌پاندنی سزای به‌سه‌ر توركیادا پێداون و ئه‌گه‌ر پێویست بێت سزاكان جێبه‌جێ ده‌كه‌ن و زیانێكی گه‌وره‌ به‌ ئابووری ئه‌و وڵاته‌ ده‌گه‌یه‌نن. لەنێوخۆی تورکیەشدا بەهۆی هەڵوێستی ئازادیخوازان، ڕەخنەگران و دژبەرانی شەڕ، سەدان کەس لە لایەن دەزگا ئەمنییەکان گیراون و لێپێچینەوەیان لەگەڵ کراوە.